بۆ پاره‌ ناوى خۆی بە قوربانییەکی هێرشەکانی پاریس تۆمار كردبوو

:: PM:09:27:16/10/2018 ‌
ژنێکی فڕەنسایی حوکمی زیندانی بۆ دەرچوو دوای ئەوەی خۆی نیشان دابوو وەک قوربانییەکی هێرشە تیرۆرستییەکانی ساڵی 2015ی شاری پاریس.

ئەلیکساندرا دەیمییەن تەمەن 33 ساڵ حوکم درا بەوەی شەش مانگ لە زینداندا بەسەر بەرێت لەسەر کاری هەڵخەڵەتاندن و درۆکردن.

دەیمییەن بڕی زیاتر لە 23 هەزار دۆلاری وەرگرت بوو لەو پارانەی تەرخان کرا بوون بۆ قوربانییانی ڕووداوە نەخوازراوەکانی شاری پاریس.

دەیمییەن لە دوای ڕووداوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەی خۆی بڵاو دەکاتەوە بەدرۆوە وا دەری خستووە کە قۆڵی بەهۆی گولەی ئەو کڵاشینکۆفانەی تەقێنراون لەلایەن هێرشکەرانەوە بریندار بووە، هەروەها لەسەر قۆڵی دروشمی شاری پاریسی بەخاڵ کوتاوە کە بریتییە لە "هەڵدراوە لەلایەن شەپۆلەکانەوە، بەڵام نوقوم نابێت".

لە نۆڤەمبەری ساڵی 2015 لە شاری پاریسی پایتەختی وڵاتی فڕەنسا چەکداران و خۆتەقێنەرەوەکان 130 کەسیان کوشت لە هێرشەکانیاندا بۆسەر یاریگا، چێشتخانە، هۆڵی کۆنسێرت و باڕەکان لە هەمان کاتدا، و دواتر "دەعش" بەرپرسیارێتی هێرشەکانی لە ئەستۆ گرت.

دەیمییەن لە شەوی هێرشەکاندا بەتەما بووە بچێتە یەکێک لە باڕەکانی شارەکە، بەڵام بڕیاری گۆڕیوە.

وشە/ محەمەد شابان


وشە - محەمەد میران