پرۆسه‌ی خوێندن له هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی پێ كرد و به‌رپرسێكی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی رای ده‌گه‌یه‌نێت كه له سنوره‌كه‌یان پێویستیان به 200 خوێندنگه‌ی نوێ هه‌یه و 16 خوێندنگه‌ش سێ ده‌وامیان هه‌یه.
نازدار ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی رۆژهه‌ڵات له سلێمانی، به"وشه"ی راگه‌یاند، پرۆسه‌ی خوێندنی ئه‌مساڵ به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی ده‌ستی پێ كردووه و مامۆستایان ده‌وامی خۆیان به رێكوپێكی ده‌كه‌ن. ئه‌و گوتی، ئه‌مساڵ هه‌ر له هاوینه‌وه په‌رتووكیان ئاماده كردووه و دابه‌شی سه‌ر خوێندنگه‌كانیان كردووه و له‌و رووه‌وه كێشه‌یان نییه.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه ئێسته سه‌رقاڵی چاره‌سه‌ركردنی هه‌ندێ كێشه‌ی كه‌میی مامۆستایه به‌تایبه‌ت له ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان. به‌گوته‌ی خۆی "به نیازن له رێی مامۆستایانی وانه‌بێژه‌وه پڕی بكه‌نه‌وه".
مه‌ریوان عومه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی، به"وشه"ی راگه‌یاند، له سنووری په‌روه‌رده‌ی سلێمانی و له ساڵی 2014ه‌وه، داوامان كردووه 200 باڵه‌خانه دروست بكرێت، ئه‌گه‌ر بكرایه، ئێسته كێشه‌ی دوو ده‌وامی و سێ ده‌وامییان نه‌ده‌بوو.
عومه‌ر ده‌ڵێت "له سنووری سلێمانی هه‌زار و 748 باڵه‌خانه‌ی خوێندنمان هه‌یه، له‌وانه 454یان دوو ده‌وامن و 16یان سێ ده‌وامن".
به‌رپرسه‌كه‌ی په‌روه‌رده له‌باره‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی خوێندنگه‌كانه‌وه ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه كاری نۆژه‌نكردنه‌وه رانه‌گیراوه و ئه‌وه‌ی پێویست بووبێت كراوه.
ئه‌و 200 باڵه‌خانه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه داوای كردبوو، نه‌خشه‌كانیان بۆ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده هاتوونه‌ته ناردن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا 50 باڵه‌خانه‌یان كه‌وتبوونه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه و هه‌ندێكیان ته‌واو بوون و هه‌ندێكیشیان به‌هۆی ته‌نگژه‌ی دارایییه‌وه كاركردن تێیاندا وه‌ستاوه، باڵه‌خانه هه‌یه 10%ی ماوه ته‌واو ببێت و هه‌یشه 20%ی ماوه ته‌واو بێت.
به‌رپرسه‌كه‌ی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی گوتی، "چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین ئه‌و 50 باڵه‌خانه‌یه ته‌واو ببن و خوێندكاران بچنه ناویه‌وه، به‌مه‌ش كێشه‌ی سێ ده‌وامی چاره‌سه‌ر ده‌بێت".
هاوكات جه‌مال مه‌حموود ره‌شید لێپرسراوی كارگێڕی له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی رۆژهه‌ڵاتی سلێمانی، به"وشه"ی راگه‌یاند، پرۆسه‌ی خوێندن بۆ ساڵی خوێندنی 2018-2019 به‌شێوه‌یه‌كی زۆرباش ده‌ستی پێ كردووه‌ته‌وه، سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌كانی خوێندن به‌ڕووی قوتابییان و خوێندكاران‌دا كراونه‌ته‌وه و ئاماده‌كاری ته‌واو كراوه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته.
به‌گوته‌ی ئه‌و به‌رپرسه، كتێب به‌ڕێژه‌ی 100% هاتووه و دابه‌ش كراون به‌سه‌ر ناوه‌نده‌كانی خوێندندا، هه‌موو قوتابییان كتێبی تازه وه‌رده‌گرن و به‌ڕێوه‌به‌ره‌كان ئاگادار كراونه‌ته‌وه كتێبی كۆن دابه‌ش نه‌كه‌ن. ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه رێنوێنیی هاتوچۆی خوێندكاران و فرۆشگه‌كان گه‌یشتووه‌ته ناوه‌نده‌كانی خوێندن و كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت.
له‌باره‌ی میلاكی مامۆستا، جه‌مال مه‌حموود ئه‌وه‌ی خسته ڕوو، له هه‌ندێ پسپۆڕیدا بۆشایی هه‌یه و ئه‌وانیش به وانه‌بێژ پڕ ده‌كرێنه‌وه، بۆ ئه‌مساڵی خوێندن له‌ڕێی فۆڕمێكی تایبه‌ته‌وه وانه‌بێژ داده‌نرێت، كه خاڵبه‌ندیی تێدایه بۆ ئه‌وه‌ی هیچ كه‌سێك مافی نه‌خورێت.
زیاتری راگه‌یاند "دۆخی ئه‌مساڵ به‌ره‌و باشی ده‌چێت له چاو ساڵانی رابردوودا". تا مووچه له‌كاتی خۆیدا بدرێت، بڕوا ناكات هیچ جۆره بایكۆتێك دروست ببێت و هیواشی خواست كێشه‌ی دواكه‌وتنی مووچه روو نه‌داته‌وه و ئه‌و به‌شه پاشه‌كه‌وته‌ش نه‌مێنێت.
ماوه‌ی سێ ساڵ بوو دۆخی خوێندن له سنووری سلێمانی له ته‌نگژه‌دا بوو، به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ر ساڵه‌ی نزیكه‌ی دوو مانگ مامۆستایان بایكۆتی ده‌وامیان ده‌كرد، له دژی سیسته‌می پاشه‌كه‌وتی مووچه.