چوار ساڵی دژایەتی كورد لەلایەن مەعسوومەوە

:: PM:12:21:18/10/2018 ‌
فوئاد مەعسووم ئەو كەسەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بەشێوەیەكی فەرمی لە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق نەما و خانەنشین بوو، بەڵام بڕیارەكانی دژی كورد بۆ تاهەتایە لە مێژوو دەمێنێتەوە، ساڵی ڕابردووش وەك ئەمڕۆ قوڕسترین بڕیاری دژی كورد دەركرد و پشتگیری هێرشكردنە سەر كوردەكانی كرد.

ناسینی فوئاد مەعسووم
فوئاد مەعسووم ناوی تەواوی محەمەد فوئاد مەعسووم هەورامی سیاسەتوانێكی كوردە لە ساڵی 2014ی زاینیدا لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە بۆ سەرۆك كۆماری عێراق هاتە هەڵبژاردن و بوو بە حەوتەم سەرۆك كۆماری عێراق و دووەمین سەرۆك كۆماری كورد كە سەرۆكایەتی عێراقیان كردبێت (لە دوای جەلال تاڵەبانی). فوئاد مەعسووم لە ساڵی ١٩٣٨ لە شاری كۆیە لە دایك بووە.

ژیانی سیاسی
حزبی شیوعی.. لە ساڵی 1962دا فوئاد مەعسووم بوو بە ئەندامی حزبی شیوعی عێراق و تا ساڵی 1964 هەر ئەندامی ئەم حزبە بوو، لە ساڵی 1964 لە دوای سەفەر بۆ سووریا لە حزبی شیوعی هەڵگەڕاوە و بوو بە ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان و لە ساڵی 1976 بووە ئەندامی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.

حەكیم قادر مێژوونووسی سیاسیی كورد ئاشكرای دەكات، مێژووی هەر سەركردەیەك پڕە لە جوانی و ناشیرینی، بۆیە ئەوەی دەمێنێتەوە دوای چەند ساڵێك مێژووكەیەتی.

ئەو مێژوونووسە و مامۆستای زانكۆ لە ئەڵمانیا بۆ "وشە" لەسەر ژیانی سیاسیی فوئاد مەعسووم گوتی، هەڵەكانی فوئاد مەعسووم لەكاتی سەرۆك كۆماریدا زۆرن، تایبەت لە بڕیارەكانی دژی كورد یان بێدەنگبوونی.

ئاشكرای كرد كە بڕیارەكانی دژی پارێزگاری كەركووك و قبووڵكردنی حوكمی سەربازی لە 18ـی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 هەڵەیەكی مێژوویییە هەرگیز ون نابێت، كاتێك بڕیاری دژی نەجمەدین كەریم دەركرد كە لە پۆستەكەی لادەبرێت، ئەوەیش درێژەدانی هێرشی عەرەبی بوو بۆ سەر كورد.

ئەو مێژوونووسە ئاماژەی دا، سەرۆك كۆمار دەیتوانی لە هەمان ڕۆژدا نووسراوێك دەربكات بۆ بارودۆخی خورماتوو كە خێزانێك لە ناوچەكە دەستدرێژی سێكسییان كرایە سەر و نەتەوە یەكگرتووەكان ئەوەیان سەلماند، بەڵام بە زارەكیش سەركۆنەی نەكرد، بۆیە ئەوە مێژوویەكی ڕەشە.

بۆ پرسەكانی كورد تایبەت بەڕیفراندۆم میدیاكانی عێراق لە ڕابردوو بڵاویان كردووەتەوە، هەرچەند مەعسووم سیفاتی سەرۆك كۆماری تێدا نییە، بەڵام دژی جیابوونەوەی هەرێمی كوردستانە لە عێراق، لە كاتێكدا زۆربەی سیاسییەكانی كورد لەگەڵ جودابوونەوەن، ئەمەش بە خاڵێكی باش دەزانن و بە بوونی ئینتیما بۆ نیشتمانی عێراق لێكی دەدەنەوە.

مەعسووم لە تۆڕەكانی  كۆمەڵایەتی
 مەعسووم لە زۆر لە پرسەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسیی عێراق، بۆچوونەكانی دوا دەكەوێت، یان كاتێك قسە دەكات هێندە كاردانەوە و لێكدانەوە بۆ قسەكانی ناكرێت، بۆیە عێراقییەكان لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی كردوویانە بە مادەیەكی كۆمیدیا و ناوی "سەرۆكی خەوتوو"یان لێ ناوە و بۆ خۆشی و پێكەنین قسەیان لەسەر دەكرد.

كەمبوونەوەی سەنگی مەعسووم لەناو كۆمەڵگەی عێراق دوای ئەوە هات كە پاش وەرگرتنی پۆستی سەركۆمار، نووسراوێكی رەسمی بڵاو بووەوە و تێیدا كچەكەی خۆی بەناوی (جوان فوئاد مەعسووم) بە مووچەی مانگانەی 10 هەزار دۆلار وەك راوێژكاری خۆی دامەزراندووە، ئەمەش دەنگدانەوەی گەورەی لە شەقامی عێراق دروست كرد، لە كاتێكدا عێراق تەنگژەی دارایی هەیە و لە شەڕدایە و سەركۆمار خەمی دامەزراندنی كچەكەی خۆی بووە.

مەعسووم سەرۆكێكی ئارام و شاراوەیە، بۆچوونەكانی هیچ كاریگەرییەكیان نییە، تەنانەت لە هەرێمی كوردستان و لەناو حزبەكەی خۆیشیدا ئەو كاریگەرییەی نییە لەسەر پرس و بۆچوونەكان، لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتیش هەندێك لە پەیجە كوردییەكان نوكتەیان لەسەر دروست كردووە. بەر لە مردنی تاڵەبانی دەڵێن "مەعسووم چووەتە لای تاڵەبانی و ئەویش لێی پرسیوە ئێستە چی دەكەیت، ئەویش نەیویستووە بڵێ لە شوێنی تۆم، بۆیە گوتوویەتی بوومەتە قایمقامی كۆیە، تاڵەبانیش پێی گوتووە، ئەو كارەت پێ دەكرێت؟"!

لەكاتی شەشی كانوونی دووەم كە یادی دامەزراندنی سوپای عێراقە، وێنەیەك بڵاو بووەوە و جارێكی تر ئەو پیاوەی كردەوە خۆراكی پەیجەكان لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی، چونكە لە وێنەكە عەبادی لە پێشەوەیە و ئەویش لە تەك ئیبراهیم جەعفەرییەوە پاڵەپەستۆی خراوەتە سەر و دوور لە ئەتەكێتی دیپلۆماسی و سەرۆكایەتیی لە پشتیانەوە وەستاوە.

نووسراو و دەركەوتنەكان
ڕەزوان عەبدولكەریم قوتابیی دكتۆرا لە میسر لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان ئاشكرای دەكات، پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان ڕۆڵی كار دەبینێت، ئەوەیش بە بوونی كەسی پێویست لە شوێنی پێویست.

ڕەزوان بۆ "وشە" گوتی، ڕۆڵی سەرۆك كۆمار بەپێی دەستووری عێراق كاریگەرە هەر كەسێك بێت دەتوانێت ڤیتۆ لە بڕیارەكان بدات و ڕەتی بكاتەوە، هەروەها ڕۆڵی كاریگەرییە هەرێمییەكان لەسەر گەلەكۆمەكی نەتەوەیی و ناوخۆی دوور بخاتەوە.

ئاماژە دا، زۆرترین نووسراوی سەرۆك كۆماری عێراق بریتی بووە لە بڕیاری لەسێدارەدان گەورەترینیشیان بریتی بوو لە نووسراوی لە مانگی 11ـی ساڵ 2016 دەری كردووە كە 22 كەس لە سێدارە دران بە بڕیاری ئەو.

هاوكات سۆران سێوەكانی نووسەر و ڕووناكبیری كورد ئاشكرای دەكات فوئاد مەعسووم نەوەكو سەرۆك كۆماری عێراق نەوەكو كوردێك سوودی نەبووە بۆ كورد.

سێوەكانی بۆ "وشە" گوتی، مەعسووم لەڕووداوەكانی كەركووك و خورماتوو وەكو ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی مامەڵی كردووە نەوەكو كوردێك و سەرۆك كۆمارێك ئەوەیش بەهۆی فشاری باڵێكی یەكێتی كە چیان كردووە چیان پێووتەوە.

ئاماژەی دا، لە ڕابردوو فوئاد مەعسووم وەكو فەرمانبەرێك ڕۆڵی بنیووە و هیچ سوودێكی نەبووە بۆ كورد.







وشە - رامیار جەواد