پێكهاتەكانی كوردستان: لەگەڵ پێكهێنانی حكوومەتی زۆرینەین

:: PM:08:49:18/10/2018 ‌
پێكهاتە نەتەوایەتییەكانی براوەی هەڵبژاردنی 30ـی ئەیلوول، مەرجی خۆیان بۆ پێكهێنان و بەشداری لە حكوومەتی داهاتووی هەرێم ئاشكرا دەكەن و حكوومەتی بنكەفراوان بە شكستخواردوو دەزانن.

یڕوانێت نیسان تاكە نوێنەری ئەرمەن لە هەرێمی كوردستان كە براوەی كورسییەكی كۆتای ئەرمەنییە لە خولی نوێی پەرلەمانی كوردستان، ئاشكرای دەكات كە ئەوان پێیان باشە حكوومەتی داهاتوو حكوومەتی زۆرینە بێت و ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز و حكوومەتێكی بەهێز هەبێت تا خزمەت بە هاووڵاتییان بكەن.
نوێنەری ئەرمەن، بۆ "وشە" گوتی، "مەرجی ئێمە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوو ئەوەیە، دەبێت پشكداری ڕاستەقینەمان هەبێت لە حكوومەتەكەدا و تەنیا وەك پێكهاتە مامەڵەمان لەگەڵدا نەكرێت".
ئەوەشی گوت، پێویستە لە داهاتوودا حكوومەتێكی بەهێز و ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز هەبێت بۆ ئەوەی حكوومەت پڕۆژە پێشكەش بكات، واتە پەرلەمانتارانی سەر بە حزبی حوكمڕان پڕۆژە پێشكەش بكەن و ئۆپۆزسیۆنیش بە ڕەخنە و پێشنیارەكانیان بەهێزی بكەن، نەك وەك ئێستە حكوومەت و ئۆپۆزسیۆن بەیەكەوە پڕۆژە پێشكەش دەكەن.
"حكوومەتی ڕابردوو خاڵی لاوازی ئەوەبوو هیچ ئۆپۆزسیۆنێك لە پەرلەمان نەبوو، ئەوەی هەبوو هەموویان ئۆپۆزسیۆن بوون و هەموویشیان لە حكوومەت بوون، ئەوەش وایكردبوو وەك پێویست خزمەت بە هاووڵاتییان نەكرێت". نوێنەری ئەرمەنەكان وای گوت.
لای خۆیەوە نوێنەرێكی توركمان ئاماژە بەوە دەدات كە بۆ بەشداری لە حكوومەتی داهاتوو، پێویستە وەك پێكهاتەی سەرەكی مامەڵەیان لەگەڵ بكرێ و ڕەچاوی قەبارەیان بكرێت.
مونا قەهوەچی نوێنەری توركمان لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ "وشە" گوتی، "تاكە مەرجی ئێمە بۆ بەشداری لە حكوومەتی داهاتوو، ئەوەیە وەك پێكهاتەی فەرمی مامەڵەمان لەگەڵ بكرێت و بەشداری كارامان هەبێت، بۆیە پارتی كە براوەی هەڵبژاردنە، لە كاتی كۆبوونەوە لەگەڵی ئەو بابەتە دەخەینە بەر گفتوگۆ".
قەهوەچی نەیشاردەوە كە حكوومەتی ڕابردوو سەركەوتوو نەبوو لە خزمەتی تەواوی خەڵكی كوردستان و پێكهاتەكان، چونكە بەشێك لە حزبەكان لە پڕێك حكوومەتیان جێهێشت و پابەندی بەڵێنەكەیان نەبوون، ئەوەش بەگوتەی مونا "وایكرد ئەو پلان و بەرنامانەی هەبوو جێبەجێ‌ نەكرێن و ئەو خزمەتگوزارییانەی بەرنامەی بۆ دانرابوو نەخرایە بواری جێبەجێكردن".
جۆسێ‌ سرانیان كە نوێنەرایەتی بەشێك لە مەسیحییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات، ئاشكرای دەكات كە چاوەڕوانی بەرنامەی لیستی براوە دەكەن بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوو. بەگوتەی خۆی "ئێمە پێمان وایە حكوومەتێكی چەند حزبی هەبێت باشترە لە حكوومەتێكی بنكەفراوان".
جۆسێ‌ بۆ "وشە" گوتی، لە پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوودا بەشداریمان دەبێت و نوێنەرایەتی مەسیحییەكان بۆ مافەكانیان تێدەكۆشن، بۆیە بوونی ئێمە یانی بوونی نوێنەری مەسحییەكان، بەو مەرجەیە كە مافەكانمان ون نەبێت.
ئاماژەی دا، "لە حكوومەتی ڕابردوودا بەهۆی بوونی بەشێكی زۆری حزبەكان، مافەكانی ئێمە ون بووبوو، بۆیە ئەگەر هەمان حكوومەت پێكبهێنرێتەوە و بۆ هەموو حزبەكان بەشداری هەبێت، ئێمە هیچ دەستكەوتێك بۆ مەسیحییەكانی كوردستان بەدەست ناهێنین، باشترە حكوومەتێك بێت لە زۆرینە پێك بێت، هەروەها هەندێك حزب هەوڵیان دا دەستكاری كورسیی كەمە نەتەوەكان بكەن، بۆیە باشترە ئەم بابەتەی كۆتا بكرێت بە یاسا و بۆ ئێمە باشترین كار دەبێت".
نوێنەری مەسیحییەكان ئاماژەی دا، ئێمە پێكهاتەی فەرمیی هەرێمی كوردستانین، چاوەڕوانی براوەی یەكەمی هەڵبژاردنین گفتوگۆمان لەگەڵ بكات، تەنیا یەك مەرجیشمان هەیە و پێیان دەڵێین، بە ڕازیبوونیان، ئێمە بۆ هەموو بەرپرسیاریەتییەك ئامادەین. بەڵام ئامادە نەبوو مەرجەكە ئاشكرا بكات.
هاوكات یاسین خۆشناو پسپۆڕی زانستە سیاسییەكان بۆ "وشە" ئاماژەی دا، كەمە نەتەوایەتییەكان بە تەنیا ئێستە بەقەد حزبە ئیسلامییەكان كورسییان هەیە، بۆیە دەكرێ بەشدارییەكی كارایان هەبێت لە حكوومەتی داهاتوودا.
ئەو پسپۆڕەی زانستە سیاسییەكان ئاشكرای كرد، "بەشداریی كەمە نەتەوایەتییەكان لە ڕابردوو و ئێستەدا بەردەوام بووە، پلەی وەزیریشیان وەرگرتووە، ئەگەر یەكێك نەبووبن لە وەزیرە هەرە سەركەوتووەكان، ئەوا بەدڵنیایییەوە كاری خۆیان بەڕێژەی %60 ئەنجام داوە، ئەوەش جێی دڵخۆشییە".
ئاماژەی دا، لە ڕابردوودا كەمە نەتەوایەتییەكان هەرگیز بەشێك نەبوونە لە كێشمەكێشە سیاسییەكان، بەڵكو بەشێك بوونە لە بەهێزبوونی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە. 



وشە - رامیار جەواد