ئەستێرەیەكی تریش داوای رۆیشتنی لە ریال مەدرید كردووە

:: PM:01:24:22/10/2018 ‌

ئەستێرەیەكی تریش داوای لە بەرپرسانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی كردووە رێگەی پێ بدەن ریزی یانەكەیان جێبێڵێ.

رۆژنامەی (توتو سپۆڕت)ی ئیتاڵی ئاشكرای كرد: مارسێلۆی بەرگریكاری چەپی یانەی ریال مەدرید بە نووسراوێكی فەرمی داواكاری پێشكەش بە كارگێڕی یانەكە و جولین لۆپیتیگی راهێنەر كردووە ئاسانكاری بۆ بكەن تا لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا یانەكە جێبێڵێ.

مارسێلۆ لە نووسراوكەدا داوای كردووە ئاسانكاری بۆ بكەن تا لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا پەیوەندی بە یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵییەوە بكات.

مارسێلۆ ئاواتەخوازە دوای سەری ساڵ بە هاوڕێكەی پێشووی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی شادبێتەوە و بەیەكەوە لە ریزی یانەی یۆڤێنتۆس دووبارە دەست بە یاریكردن بكەنەوە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەی یۆڤێنتۆس ماوەیەكە بەدوای بەگریكارێكی چەپ دەگەڕێ تا لە داهاتوودا لە شوێنی بەرگریكارە بەڕازیلییەكەی ئەلێكس ساندرۆ یاریی پێ بكات كە تا ئێستا رەتی دەكاتەوە گرێبەستەكەی نوێ بكاتەوە و لەلایەكی تریشەوە لە چەند یانەیەكی ئینگلیزیشەوە داواكاری پێگەیشتووە.

دەنگۆی رۆیشتنی مارسێلۆ و پەیوەندیكردنی بە یانەی یۆڤێنتۆس لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی رابردوودا بەشێوەیەكی بەربڵاو بڵاو ببووەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی یانەی شاهانە ئامادە نەبوو دەستبەرداری بێت، رێككەوتنەكە سەری نەگرتبوو.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م