هەوڵی شكستپێهێنانی دەدرێت.. عادل عەبدولمەهدی 70%ی كابینەكەی دەباتە پەرلەمان

:: AM:10:47:23/10/2018 ‌
سەرچاوەیەكی حكوومی و سیاسی لە بەغدا ئاشكرای دەكات كە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو، ئامادەیە كابینەی حكوومەتەكەی لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا بباتە پەرلەمان بۆ وەرگرتنی متمانە، ئەگەرچی هێشتا ناكۆكییە سیاسییەكان لە بارەی هەندێك وەزارەت كۆتاییان نەهاتووە.

بەرپرسێكی سیاسی ئاگادار لە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومەت دەڵێ، عادل عەبدولمەهدی نزیك بووەتەوە لەوەی پۆستی 15 وەزارەت یەكلا بكاتەوە و ئامادەیە بەو 15 كاندیدە بێتە بەردەم پەرلەمان، رەنگە سبەی چوارشەم 24ی ئۆكتۆبەر، خۆی و كابینەكەی بچنە بەردەم پەرلەمان.

"گوشارەكان لەسەر عەبدولمەهدی زۆر گەورەیە، ئەویش دەیەوێ بە جۆرێك لە پێكهێنانی حكوومەت لێی دەربچێت كە رەزامەندی و دەنگی پەرلەمانتاران بەدەست بهێنێت، ئەو 15 وەزارەتەشی كە چاوەڕوان دەكرێت بیانخاتە بەردەم پەرلەمانتاران، ئەوا پۆستی وەزارەتە سەروەرییەكان و تەناهییەكان ناگرێتە خۆی". سەرچاوە سیاسییەكە وای گوت. ئەوەشی خستەڕوو دڵنیایی نییە كە ئەوانەی كاندید كراون بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتەكان متمانەی پەرلەمانی بەدەست بهێنن، چونكە پێشتر رێككەوتنی سیاسییان لەسەر نەكراوە.

پرسی یەكلابوونەوەی ناكۆكییە سیاسییەكان لەبارەی پۆستی وەزارەتە سەروەرییەكان لە كاتێكدایە بەگوێرەی زانیارییە دزە پێكراوەكان، ناكۆكی توند لەسەر پۆستی وەزارەتی ناوخۆ هەیە بەتایبەت لەناو رێكخراوی بەدر كە هادی عامری سەركردایەتی دەكات لە نێوان قاسم ئەعرەجی وەزیری ئێستە و فالح فەیاز سەركردەی جیابووەوە لە هاوپەیمانی نەسڕ بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی، كە بەمدواییە لە پۆستی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبیش دوور خرایەوە.

تا ئێستە ئەوە روون نەبووەتەوە كە كێن دەبن بە وەزیر لە حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی كە چاوەڕوان دەكرێت لە دوو رۆژی داهاتوودا بیخاتە بەردەم پەرلەمان كە نووسینگەی سەرۆكی حكوومەتی راسپێردراو دووپاتی دەكاتەوە.

پێوەند بە كەشوهەوای ناو پەرلەمانیش، دیار نییە دەنگدان چۆن دەكرێت، بە ئاشكرا دەبێت یان بە نهێنی، بەڵام هەندێك لیست باس لەوە دەكەن كە دەنگ نادەن بەو كاندیدانەی كە حزبین، عەلا روبێعی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیروون دەڵێ پەرلەمانتاران زۆر بە توندی لەگەڵ دوورخستنەوەی كاندیدی حزبەكانن لە حكوومەتی داهاتوودا، ئەمەش دەرئەنجامی ئەو ئازار و ناخۆشییانەی گەلانی عێراق لە حكوومەتەكانی پێشتر چەشتوویانە.

روونی كردەوە هەندێك كەسایەتی باڵای سیاسی كە پێشتر پۆستی وەزارەتی گرنگ و هەستیاریان بە دەستەوە بووە، گوشار دەخەنە سەر پەرلەمانتاران، ئەمەش رێ پێدراو نییە، گوتی "هاوپەیمانی سائیروون تەواو ئازادی دا بە عادل عەبدلمەهدی لە چۆنیەتیی دەستنیشانكردنی كابینەی حكوومەتەكەی لە كەسانی تەكنۆكرات و سەربەخۆ، بەو مەرجەی عێراق نەگەڕێتەوە چوارگۆشەی یەكەم".

ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانی سائیروون داوای لە عادل عەبدولمەهدی كرد كە كابینەی حكوومەتەكەی لە ماوەی دەستووریدا یەكلا بكاتەوە، بە ئامانجی ئەوەی وڵات لە مەترسی پێشێلكردنی دەستوور و بێ حكوومەتی بپارێزێت و پڕۆژەی رۆژئاوایییەكان و وڵاتانی هەرێمی پووچەڵ بكاتەوە كە ویستیان هەیە عێراق  بچێتە بۆشایی دەستووری.

ئەمە لە كاتێكدایە نزیكەی 100 پەرلەمانتار واژوویان كۆ كردووەتەوە كە دەنگدان بە كابینەی حكوومەتەكەی عەبدولمەهدی بە نهێنی بێت، ئەندامێكی پەرلەمانیش دەڵێ داواكارییەكە گەیشتووەتە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان.

بەگوێرەی زانیارییە دزە پێكراوەكان بەشێك لە وەزیرەكان بڕوانامەی ئەندازیاری و دكتۆرایان هەیە و لە دەرەوەی عێراق نیشتەجێن، لەوانە عادل عەبدولمەهدی چوار وەزیری بەتایبەت خۆی دەستنیشانی كردووە و 70%ی كابینەی حكوومەتەكەشی ئامادەیە بیخاتە بەردەم پەرلەمان.

سەرچاوەیەك كە نەیویست ناوەكەی ئاشكرای بكات، ئاماژەی بەوە دا كە سی ڤی هەر 15 وەزیرەكە یەكلا بووەتەوە و رەنگە ئەمڕۆ سێشەم یان سبەی چوارشەم بگاتە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ وەرگرتنی متمانەی ئەندامانی پەرلەمان.

 
ئەگەرچی هەوڵ هەیە بۆ شكست پێهێنانی متمانەدان بە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی، بەڵام هاوڕای هاوپەیمانی سائیروون و بەشێكی زۆری هاوپەیمانی چاكسازی و بنیادنانەوە، هاوپەیمانی فەتح بە سەكردایەتی هادی عامری، پشتگیریی خۆی بۆ هەوڵەكانی عەبدولمەهدی راگەیاند بۆ پێكهێنانی حكوومەت و متمانە پێدانی لە پەرلەمان.

ئەحمەد ئەسەدی گوتەبێژ بەناوی هاوپەیمانی فەتح لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە دەستەی سەركردایەتی هاوپەیمانی فەتح، پشتگیری لە عادل عەبدولمەهدی دەكات بۆ تەواوكردنی كابینەی حكوومەت. گوتی "لە كۆبوونەوەیەكی گرنگی دەستەی سەركردایەتی هاوپەیمانی فەتح كە پرسی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ تەوەری سەرەكی بووە، بڕیار درا كە پشتگیری لە عادل عەبدلمەهدی بكەین بۆ تەواوكردنی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت و پابەندبوون بەو كاتەی دەستوور دەستنیشانی كردووە".

دووپاتكردنەوەی پشتگیری هاوپەیمانی فەتح بۆ عادل عەبدولمەهدی لە كاتێكدایە لە چەند رۆژی رابردوودا دەنگۆی شكست پێهێنانی حكوومەت  لە ئارادا بوو.

سەباح تڵوبی عگێلی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیروون دەڵێ هەندێك لایەنی سیاسی رێككەوتنیان كردووە كە كودەتایەكی سپی بەسەر عادل عەبدولمەهدی بكەن بەوەی دەنگدان بە نهێنی بە كابینەی حكوومەت بدەن، وەك هەوڵێك بۆ شكست پێهێنانی.

زیاتر گوتی "لەگەڵ ئەمەشدا هەندێك لایەن هەن رێككەوتنیان لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی كردووە بۆ پێكهێنانی حكوومەت، بەڵام لایەنی تریش هەن هەوڵی شكست پێكهێنانی حكوومەت دەدەن".



وشە - فه‌رمان سادق