ئەنجوومەنی شوورا دۆسیەكە یەكلا دەكاتەوە
ماوەی پارێزگارە بەوەكالەتەكانی سلێمانی و هەڵەبجە تەواو بوو

:: PM:04:04:13/10/2016 ‌
هەردوو پارێزگاری سلێمانی و هەڵەبجە بەوەكالەت ئەو ماوەیەیان تەواو بوو كە پارێزگارەكانی پێشوو بریاریان لەسەردا بوو تا بە وەكالەت كارەكانی پارێزگار رایی بكەن، ئەوەش بۆشایییەكی یاسایی دروست كردووە.

مینا ئاوەكلی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، ئاسۆ فەرەیدوون پارێزگاری پێشووی سلێمانی، داوای لە وەزارەتی ناوخۆ كرد بوو كە تا 1ی تشرینی یەكەم، سەردار قادر جێگری پارێزگار بە وەكالەت كارەكانی پارێزگاری سلێمانی بەڕێوە ببات، بەڵام ئەو ماوەیە كۆتای هاتووە و هێشتا كەسێك بۆ پۆستی پارێزگار دەستنیشان نەكراوە بەشێوەیەك كە مەرسوومی بۆ دەربكرێت و هەمان حاڵەتیش لەمەڕ پارێزگای هەڵەبجە دروست بووە.

ئاوەكلی زیاتر دەڵێ‌، "ئێستە هەردوو پارێزگارە بەوەكالەتەكە نایاسایین، تەنیا دوو رێگەش هەیە بۆ چارەسەر كردنی ئەم كێشەیە، یان ئاسۆ فەریدوون  و عەبدوڵا نەورۆلێ‌ ببنەوە پارێزگار و لە پۆستەكانیاندا دەستبەكار ببنەوە یان ئەوەی دوو كەسی تر دیاری بكرێن و داوا لە وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجوومەنی وەزیران بكرێت بۆ تەواوكردنی رێوشوێنە یاسایییەكان".

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، "ئێستە بۆشایییەكی یاسایی لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە دروست بووە، لەراستیشدا ئەگەر كەسێك هیچ دەسەڵاتێكی نەبێت، پێویست ناكات لەو پۆستانەدا بێت و بەو هۆیەشەوە كاروباری كارگێڕی و كاری هاووڵاتییان رایی نەكرێت و پەك بخرێت".

لای خۆشیەوە دكتۆر سامی جەلال بەڕێوەبەری گشتیی بریكاری وەزارتی ناوخۆ بۆ "وشە" گوتی، "ئەو دوو كەسەی كە بەوەكالەت بۆ پارێزگاری هەڵەبجە و سلێمانی لە لایەن پارێزگارەكانی پێشوو دانراون، نایاسایین و ئێمە هیچ نووسراو و ئیمزایەكیان وەرناگرین و هەر نووسراوێكیش بكەن بەپێی یاسا و ئەو دەسەڵاتەی هەمانە هەڵیدەوەشێنینەوە".

جەلال زیاتر دەڵێ‌، "رێكاری یاسایی بەرامبەر ئەو دوو كەسە دەگرینەبەر تا ئەوكاتەی پارێزگارێكی یاسایی دادەنرێت، رێكاری یاسایش ئەوەیە كە نووسراوەكانیان هەڵدەوشێنینەوە، تا ئێستەش بەپێی یاسا ئاسۆ فەرەیدوون پارێزگاری سلێمانی و عەبدوڵا نەورۆڵی پارێزگاری هەڵەبجەیە".

هەر ئەمڕۆ پێنجشەم 13ی تشرینی یەكەم، كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، ئاشكرای كرد، دۆسیەی پارێزگاری سلێمانی لە وەزارەتەكەیانەوە ئاراستەی ئەنجوومەنی شوورا كراوە بۆ ئەوەی ئەوان بڕیاری لەسەر بدەن و یەكلای بكەنەوە.

وشە/سەلام هانەدنی 
پێداچوونەوە: ر. ف


وشە - ڕێبین فه‌تاح