له شاره‌دێی خه‌لیفانی سه‌ر به شارۆكه‌ی سۆران، بۆ یه‌كه‌م جار شوێنه‌وارێك دۆزرایه‌وه كه مێژووه‌كه‌ی بۆ نزیكه‌ی سێ هه‌زار ساڵ پێش ئێسته ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌گوته‌ی شاره‌زایان، ئه‌و پارچانه‌ی دۆزراونه‌ته‌وه زۆر به نرخن و پێگه‌ی شوێنه‌واریی ناوچه‌كه به‌هێزتر ده‌كه‌ن.
به‌مه‌به‌ستی رووپێوی و تۆماركردنی ناوچه شوێنه‌وارییه‌كانی ده‌ڤه‌ره‌كه، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شوێنه‌واری سۆران له ساڵی 2014دا گرێبه‌ستێكی كاركردنی له‌گه‌ڵ زانكۆی هاڵه‌ی ئه‌ڵمانی واژوو كرد و به‌یه‌كه‌وه به‌رده‌وامن له رووپێوی و دۆزینه‌وه‌ی ناوچه شوێنه‌وارییه‌كانی ناوچه‌كه و تۆماركردنیان، یه‌كه‌م كاریان له خه‌لیفان ده‌ست پێ كرد و له ماوه‌ی ئه‌مساڵدا هه‌شت ناوچه‌ی گرنگی شوێنه‌وارییان دۆزیوه‌ته‌وه .
عه‌بدولوه‌هاب سلێمان به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شوێنه‌واری سۆران، به"وشه"ی راگه‌یاند، ماوه‌یه‌كه له‌گه‌ڵ تیمی زانكۆی هاڵه‌ی ئه‌ڵمانی له خه‌لیفان، كاری رووپێوی ئه‌نجام ده‌ده‌ن و له به‌رنامه‌یاندایه پشكنین و كاری هه‌ڵكۆڵینی شوێنه‌واریی بۆ سه‌رجه‌م گونده‌كان بكه‌ن، له‌هه‌ر گوند و شوێنێك ئه‌گه‌ر گومانیان هه‌بوو ناوچه‌ی مێژوویی و شوێنه‌وارییه، ده‌ست ده‌كه‌ن به پشكنین و رووپێوكردنی .
ئه‌و گوتی "له گوندی به‌وركه كه بۆ هه‌زاره‌ی یه‌كه‌می به‌ر له زاین ده‌گه‌ڕێته‌وه، له گۆڕستانێكی گونده‌كه به‌ناوی پیروالی كه ده‌كه‌وێته باشووری رۆژئاوای خه‌لیفان به دووری پێنج كیلۆمه‌تر، گردێكی شوێنه‌واری دۆزرایه‌وه كه دوو سه‌ده به‌ر له ئێسته و له سه‌رده‌می ئیسلامدا وه‌ك گۆڕستان به‌كار هاتووه، جیا له‌وه ژماره‌یه‌كی زۆری گۆزه و كه‌لوپه‌لی شوێنه‌واریمان دۆزییه‌وه كه بۆ سه‌رده‌می عوسمانییه‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه."
ئه‌و به‌رپرسه‌ی شوێنه‌وار ئاشكرای كرد، بۆ تێگه‌یشتنی زیاتر له مێژووی ئه‌و شوێنه و كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری له‌سه‌ری، له ته‌نیشت گۆڕستانه‌كه‌ی "پیروالی" چاڵێكی بچووكیان لێ دا، له‌كاتی لێدانی چاڵه‌كه، كۆمه‌ڵێك "گواره و ئه‌نگوستیله "یان دۆزییه‌وه كه له كانزای جۆری بڕۆنسن .
نه‌بی محه‌مه‌د جووتیارێكی دانیشتووی خه‌لیفانه و خاوه‌نی ئه‌و زه‌وییه‌یه كه ئێسته بووه‌ته ناوچه‌ی شوێنه‌واری. ئه‌و ده‌ڵێ، له‌كاتی كێڵانی كێڵگه‌كه‌ی بۆ مه‌به‌ستی كشتوكاڵی، دوو گواره‌ی هاوشێوه‌ی ئه‌و گوارانه‌ی دۆزیوه‌ته‌وه كه زانكۆی هاڵه‌ی ئه‌ڵمانی و تیمی شوێنه‌واریی سۆرانیش كۆمه‌ڵێك له‌و گوارانه‌یان له‌كاتی لێدانی چاڵه‌كه دۆزیوه‌ته‌وه.
به‌گوته‌ی خۆی "جیا له دۆزینه‌وه‌ی گواره‌كان، ئه‌و ده‌رزی قولابه‌یه‌كی دۆزیوه‌ته‌وه كه ژنان به‌كاریان هێناوه و مێژووی دروستكردنیشی به‌ته‌واوی دیار بوو". ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ی پێشكه‌ش به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شوێنه‌واری سۆران كردووه.
به‌ڕێوه‌به‌ری شوێنه‌واری سۆران ده‌ڵێت، "دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و گوارانه گرنگیی خۆی هه‌یه كه مێژووه‌كه‌یان بۆ دوو هه‌زار و 700 ساڵ پێش ئێسته ده‌گه‌ڕێته‌وه، هه‌رچه‌نده نموونه‌یه‌كی له‌و بابه‌ته‌ش پێشتر له سه‌رده‌می ئاشووری نوێ له باشووری عێراق دۆزرانه‌وه، به‌ڵام دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و جۆره گوارانه بۆ ئێمه ده‌ستكه‌وتێكی گرنگ بوو، مێژوویه‌كی یه‌كلاكه‌ره‌وه و 100%ی پێ داین كه بۆ یه‌كه‌م جاره كه‌لوپه‌لێكی گرنگی وا شوێنه‌واریی له شاره‌دێی خه‌لیفان بدۆزرێته‌وه.
خه‌لیفان له رووی شوێنه‌وارییه‌وه گرنگی و تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه، به‌درێژایی 100 ساڵی رابردوو شوێنه‌وارناسانی بیانی و ناوخۆیی له ناوچه جیاجیاكانی خه‌لیفان كاری هه‌ڵكۆڵین و شوێنه‌وارییان ئه‌نجام داوه، زیاتر له 80 ناوچه‌ی شوێنه‌واری مێژوویی له‌خۆ ده‌گرێت، چه‌ندان ئه‌شكه‌وت و پاشماوه‌ی قه‌ڵای شوێنه‌واریی لێیه .
كاروان كه‌ریم خان گونده‌ژۆری به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی خه‌لیفان، به"وشه"ی راگه‌یاند، تیمێكی شوێنه‌واریی ئه‌ڵمانیا كه ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه له سنووری خه‌لیفان كاری شوێنه‌واری ده‌كه‌ن، مه‌به‌ستیان زیاتر به‌دواداچوون و روونكردنه‌وه و گه‌یشتنه به‌و مێژووه شارستانییه‌ی كه له كوردستان به‌گشتی و ده‌ڤه‌ری ئه‌وان به‌تایبه‌تی هه‌یه. مه‌زنده‌ی ئه‌وه ده‌كرێت ئه‌و ناوچه‌یه سنوورێك بێت له نێوان شارستانیی ئاشوورییه‌كان و ئۆرارتووییه‌كان.
گونده‌ژۆری دووپاتی ده‌كاته‌وه، به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌كان هه‌ندێ كه‌لوپه‌لی شوێنه‌واریی گرنگ دۆزراونه‌ته‌وه مرۆڤ له سه‌رده‌مانی زوو و تا ئێسته‌شی له‌گه‌ڵ بێت به‌كاری ده‌هێنن، مێژووه‌كه‌یان بۆ نزیك سێ هه‌زار ساڵ به‌ر له ئێسته ده‌گه‌ڕێته‌وه و له شوێنی تایبه‌ت هه‌ڵده‌گیرێن و ده‌پارێزرێن .
شاره‌دێی خه‌لیفان له رووی كارگێڕییه‌وه سه‌ر به شارۆكه‌ی سۆرانه، له ساڵی 1967 بووه‌ته شاره‌دێ، به دووری 105كم له باكوری رۆژهه‌ڵاتی شاری هه‌ولێر هه‌ڵكه‌وتووه، 690 مه‌تر له رووی ده‌ریاوه به‌رزه و ناوچه‌یه‌كی گه‌شتیاریی گرنگه و چیای كۆڕه‌ك و هاوینه‌هه‌واری گه‌لی عه‌لی به‌گ، بێخمه، مه‌له‌كان، دۆڵی ئاڵانه و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی تری لێیه، زیاتر له 80 ناوچه‌ی شوێنه‌واریی گرنگی مێژوویی له‌خۆ ده‌گرێت .
به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ی له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شوێنه‌واری سۆران ده‌ست "وشه" كه‌وتووه، ده‌ڤه‌ری سۆران و سنووری هه‌رچوار شارۆكه‌ی سۆران، مێرگه‌سۆر، رواندز، چۆمان، 900 ناوچه‌ی شوێنه‌واریی تۆماركراوی هه‌یه كه به‌شێك له‌و ناوچانه مێژووه‌كه‌یان بۆ 30 هه‌زار ساڵی پێش زاین ده‌گه‌ڕێته‌وه .
وشه/ خه‌لیفان - مورشید برادۆستی