جگە لە رێی نێوان دوو شارەدێ هیچ رێیەكی ئیدارەی گەرمیان جووتساید نییە

:: AM:08:42:07/11/2018 ‌

رووداوەكانی هاتوچۆ كە بە "تیرۆری سپی" ناسراوە، بووەتە دێوەزمەیەك بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییانی گەرمیان، یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی رووداوەكانی هاتوچۆ، بۆ یەك ئاراستەیی رێگەوبانەكان دەگەڕێتەوە. بەپێی بەدواداچوونەكانیش جگە لە نێوان دوو شارەدێ، هیچ شەقامێكی نێوان  شارۆكە و شارەدێیەكی گەرمیان جووتساید نین.

 هێمن مەحموود یەكێك لە مامۆستایانی گوندەكانی گەرمیان، بۆ "وشە" ئاماژەی دا، كاتێك وەرزی خوێندن دەست پێ دەكات، مامۆستایانی گوندەكان ترسیان لێ دەنیشێ، چونكە نێوان شارۆكە و شارەدێكانی گەرمیان یەك ئاراستەن، بەدەر لەوەش هێشتا رێی گوندەكانی ناوچەكە شیاو نین بۆ هاتوچۆ.

ئەو بە نیگەرانییەوە گوتی، هەمووی پێنج ساڵە تەنگژەی دارایی سەری هەڵداوە، پێش ئەم پێنج ساڵە و لە 20 ساڵی رابردوودا هەنگاوی پێویست نەنراوە بۆ جووتسایدكردنی رێگەوبانەكان و باشكردنی رێی گوندەكان. مامۆستاكە دەڵێت "هەرگیز لە یادم ناچێ كە لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا پۆلێك مامۆستای گەرمیان بەهۆی رووداوی هاتوچۆ گیانیان لە دەست دا".

ئاسۆ ئەحمەد شۆفێرێكی نیشتەجێی كەلار، بۆ "وشە" ئاماژەی دا، بەهۆی تەواونەكردنی پڕۆژەكانی تایبەت بە جووتسایدكردنی رێیەكانی دەرەوی شار، هاتوچۆ تەنیا هۆشداری دەدا بەشۆفێران كە لە زستاندا بە وریایییەوە شۆفێری بكەن.

لەلایەكی ترەوە نەقیب كارزان مەجید بەرپرسی راگەیاندن و پێوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی ئیدارەی گەرمیان، بە"وشە"ی راگەیاند، سەرباری یەك سایدبوونی رێیەكانی دەرەوەی شار، كۆبوونەوەی ئاو لەسەر شەقام و بەتایبەت لەو شوێنانەی كە بەرزی و نزمییان تێدایە، مەترسییەكانی رووداوەكانی هاتوچۆ زیاتر دەكات.

ئەو دەڵێ خێرا لێخوڕینی شۆفێر لە رێی جووتساید مەترسیدارە، بەڵام لە رێیە یەك ئاراستەكان مەترسییەكە زۆر گەورەترە. لەبارەی ئەوەی بۆچی ئەوان وەك هاتوچۆ فشارەكانیان لەسەر لایەنە پێوەندیدارەكانی وەك رێگەوبان و شارەوانی چڕ نەكردووەتەوە بۆ جووتسایدكردنی رێیەكانی دەرەوەی شار؟ ئەو بەرپرسەی هاتوچۆ پێداگری كرد كە ئەوان هەمیشە پێداگرییان لەو داواكارییە كردووەتەوە، بەڵام تەنگژەی دارایی هۆكاری ئەوە بووە شەقامەكان جووتساید نەكرێن، هەرچەندە ئێستە هەوڵی رژد هەیە بۆ جووتسایدكردنی رێگەوبانەكان.
نەقیب كارزان مەجید ئاماژەی بەوەش كرد كە ساڵانە زیاتر لە 40 كەس بەهۆی رووداوەكانی هاتوچۆ گیان لە دەست دەدەن و چەند هێندەی ئەو ژمارەیەش بەهۆی رووداوەكانی هاتوچۆوە بریندار دەبن.

لە بەرانبەردا عەدنان خەلیل بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی رێگەوبانی گەرمیان، بە"وشە"ی راگەیاند، رێیەكانی دەرەوەی سەنتەری شارۆكەی كەلار پێكهاتوون لە كەلار بۆ رزگاری و كەلار بۆ كفری و كەلار بۆ دەربەندیخان و هەروەها رێی گوندەكان كە هیچیان دوو ئاراستە نین، واتا رێیەكانی بەستنەوەی شارۆكە و شارەدێكانی گەرمیان جووتساید نین، بەڵام شارەدێی خان بۆ سەنگاو جووتساید كراوە و تەواو بووە.
ئەوەیشی خستە ڕوو، یەكێك لە هۆكارەكانی جووتساید نەكردنی رێگەوبانەكانی نێوان شارۆكەكان، جگە لە تەنگژەی دارایی، بۆ بوونی زەویی كشتوكاڵی دەگەڕێتەوە و ئەو كێشەیە هێشتا چارەسەر نەكراوە.

بەگوتەی بەڕێوەبەری رێگەوبانی گەرمیان، سەرجەم رێیەكانی دەرەوەی شار یان نێوان شارۆكە و شارەدێكانی گەرمیان، پێش تەنگژەی دارایی رەزامەندی و كاركردن تێیاندا دەستی پێ كرد، بەڵام تەنگژەكە سەرجەمیانی وەستاند و ئێستەش پڕۆژەكانی تایبەت بە جووتسایدكردنی كەلار بۆ سلێمانی و دەربەندیخان و كەلار بۆ رزگاری و كفری دەستی پێ كردووەتەوە.

بەبۆچوونی عەدنان خەلیل، رێی گوندەكان زۆربەیان قیرتاو كراون یان چەوڕێژن، لەسەر بودجەی بووژانەوەی گەرمیان لە ساڵی 2013وە بڕی 15 ملیار دیناریان بۆ تەرخان كراوە. لەم ساڵانەدا زیاتر كاریان بۆ نزیككردنەوەی گەرمیان و چەمچەماڵ كردووە لەرێی تەواوكردن و بەستنەوەی شەقامی كەلار وەك ناوەندی ئیدارەی گەرمیان بە چەمچەماڵەوە.

رێی نێوان كەلار كە رێیەكی ستراتیجییە، هێشتا نەكراوەتە جووتساید. بەڕێوەبەری رێگەوبانی گەرمیان ئاشكرای كرد، بەهۆی كاركردن لە دوو ئاراستەكردنی رێیەكانی تری گەرمیان، بۆ داهاتوو پلانیان دەبێ بۆ جووتسایدكردنی رێی كەلار و پەروێزخان.
شە/ گەرمیان- سەبری هۆرێنی




وشە - وشه‌