چین.. مرۆڤەكان بە شێوازی رۆیشتنیان دەناسرێنەوە

:: PM:06:33:08/11/2018 ‌

دەسەڵاتدارانی چین دەستیان كردووە بە بەكارهێنانی پڕۆگرامێكی پێشكەوتوو كە لە رێگەیەوە دەتوانرێت كەسەكان بە شێوەی لەشیان و شێوازی رۆیشتنیان بناسرێنەوە و ناسنامەیان دیاری بكرێت، وەك راپۆرتێكی "ئەسیۆشێتید پرێس" ئاماژەی بۆ كردووە.  

بەپێی راپۆرتەكە دەسەڵاتدارانی چین ئەو پڕۆگرامە پێشكەوتووانە لە چوارچێوەی سیستەمی چاودێری لە شەقامەكانی پەكینی پایەتەخت و شاری شنگهای بەكار دێنن، ئەو تەكنیكە نوێیە كە لەلایەن كۆمپانیای "واترێكس"ی چینییەوە پەرەی پێ دراوە، دەتوانێت كەسەكان لە دووری 50 مەتر دیاری بكات، تەنانەت ئەگەر ئاراستە و رووشیان لە كامێڕا نەبێت و دەموچاویان شارەوەیش بێت.

تەكنیكەكەی "واترێكس" پشت بە شیكردنەوەی جووڵانەوەكانی مرۆڤ دەبەستێت دوای پێدانی تۆمارێكی یەك سەعاتی ڤیدیۆیی لەوبارەوە و دروستكردنی نموونەیەكی ئەو مرۆڤە لەبارەی شێوازی رۆیشتنی تایبەت بەخۆی بەمەبەستی جیاكردنەوەی.  

راپۆرتەكە ئاشكرای كرد كە بەشێك لە تایبەتمەندییە هونەرییەكانی ئەو تەكنیكە پێویستی بە نزیكەی 10 خولەك هەیە بۆ جیاكردنەوەی مرۆڤەكان بە شێوازی رێكردنیان، بەڵام ئێستە ناتوانێت راستەوخۆ ئەو كارە بكات. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل