خواست لەسەر گۆشتی رووسی زیاد دەبێت

:: PM:04:10:19/12/2016 ‌

ئاین وەك دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی، كاریگەری بەرچاو دەكاتە سەر سەرمایەگوزاری و بازرگانی، ئەمەش چونكە ئەو دیاردەیە كاریگەری بەهێزی بەسەر بیروباوەڕی كڕیار و بەكارهێنەراندا هەیە، لەو نێوانەشدا خەڵكانی موسڵمان لەژێر كاریگەریی ئایندا تەنیا چەند جۆرێكی دیاریكراوی گۆشت دەكڕن و بەكار دەهێنن، بۆیە ژمارەیەك لە كۆمپانیا جیهانییەكان بۆ بە دەستهێنانی خواستی ئەو كڕیارە موسڵمانانە، بەرهەمی لەو جۆرەش دروست دەكەن كە ئەوان دەیانەوێت، لەو نێوانەشدا كۆمپانیا رووسیایییەكان بەرهەمی خۆیان هەیە.

ئەمڕۆ دووشەم 19ی كانوونی یەكەم/ دیسێمبەر، جێگری یەكەمی ئەنجوومەنی فتوای رووسیا، رووشان عەباسۆف رای گەیاند، لەو وڵاتانەی كە دانیشتووانەكەیان موسڵمانن، خواست لەسەر بەرهەمی گۆشتی "حەڵاڵ"ی كۆمپانیاكانی رووسیا هەیە.

هاوكات عەباسۆف لەمیانەی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەوەشی راگەیاند، كە كۆمپانیا رووسیایییەكان هەڵدەستن بە بەرزكردنەوەی ئاستی چالاكییان لە بەرهەمهێنانی گۆشتی حەڵاڵ و ناردنی بۆ وڵاتانی عەرەبی و موسڵمان، چونكە خواستی سەر ئەو بەرهەمەی رووسیا لە هەڵكشاندایە.

ئەو جێگرەی ئەنجوومەنی فتوای رووسیا، ئەوەشی ئاشكرا كرد، كە لە ئێستەدا 10 كۆمپانیا لە رووسیاوە بەرهەمی گۆشتی حەڵاڵ بۆ وڵاتانی موسڵمان دەنێرن، بەڵام چاوەڕوانی ئەوە دەكرێت كە لە ساڵی داهاتوودا، ژمارەی كۆمپانیاكان و رێژەی بەرهەمی هەناردەیان زیاتر ببێت.

جێی ئاماژەیە، بەگوێرەی توێژینەوەیەكی هاوبەشی "تۆمسۆن رۆیتەرز" و "دینار ستاندارد" پێشبینی ئەوە دەكرێت، كە بە هاتنی ساڵی 2020 قەبارەی پیشەسازیی خۆراكی حەڵاڵ لە رووسیا، بەرز ببێتەوە بۆ نزیكەی 2.6 ملیار دۆلار.

سەرچاوە: سپوتنیك


وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی