11 مانگە ناوی سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی دەرنەچووە

:: AM:08:34:11/11/2018 ‌
دوای ساڵێك لە راگەیاندنی كردنەوەی تاقیكردنەوەی سەرپەرشتیاری و ئەنجامدانی سێ تاقیكردنەوە و چاوپێكەوتن و پێداچوونەوە بە دۆسیەكانیان، وەزارەتی پەروەردە هێشتا ناوی سەرپەرشتیارانی رانەگەیاندووە. بەڕێوەبەری گشتیی سەرپەرشتیاریی لە وەزارەت دەڵێ، تەنیا واژووی وەزیر ماوە و لەم نزیكانەدا ناوەكان رادەگەیەنرێت.

ساڵانە وەزارەتی پەروەردە پێویستی خۆی بۆ سەرپەرشتیاری بەگوێرەی پسپۆڕی لە وانەكانی خوێندن لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بە خوێندنی كوردی لە كەركووكیشەوە رادەگەیەنێت، ئەو مامۆستایانەی مەرجەكانی سەرپەرشتیاری دەیانگرێتەوە، بۆیان هەیە ناوی خۆیان تۆمار بكەن.

بۆ ئەمساڵ زیاتر لە 600 مامۆستا خۆیان تۆمار كردووە، بەڵام نزیكەی مانگێكە وەرزی خوێندن دەستی پێ كردووە و هێشتا ناوەكان ئاشكرا نەكراون. یەكێك لەو مامۆستایانەی بەشداری تاقیكردنەوەكانی كردووە، رای دەگەیەنێت كە سێ مانگ پێش ئێستە قۆناغی چاوپێكەوتن تەواو بووە كە دوا هەنگاوی پرۆسەكەیە، بەڵام هێشتا ناوەكان دەرنەچوونە.

لە بەرانبەردا جەلال هەمزە كاكەشین بەڕێوەبەری گشتیی سەرپەرشتیاریی لە وەزارەتی پەروەردە، دەڵێ، ناوەكان لە وەزارەتی پەروەردەن و چاوەڕوان دەكرێ وەزیری پەروەردە واژووی لەسەر بكات.

تاقیكردنەوەی سەرپەرشتیاریی بۆ ئەمساڵ 2018، لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە لە مانگی ئۆكتۆبەری 2017 راگەیەندرا، تا ئەو مامۆستایانەی ئارەزوو دەكەن ببن بە سەرپەرشتیار، ناوی خۆیان تۆمار بكەن.

بەڕێوەبەری گشتیی سەرپەرشتیاریی دەڵێ، سەرەتا 620 مامۆستا خۆیان تۆمار كرد، پاشان ژمارەكە بۆ 604 مامۆستا كەم بووەوە، لەم ژمارەیەش 342 مامۆستا بەشداری سێ تاقیكردنەوە و هەڵسەنگاندنی دۆسیە و چاوپێكەوتن كە دوا قۆناغ بوو، دەبن بە سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە هەموو كوردستان بە خوێندنی كوردی لە كەركووكیشەوە.

كاكەشین زیاتر گوتی، "وەزارەت داوای 538 پشكی كردبوو بۆ سەرپەرشتیاری، بەڵام ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر 342 سەرپەرشتیار نیشان دا، بەهۆی تەنگژەی دارایی و خەرجییەوە".

مەجید حەبیب ساڵح سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە گەرمیان، بۆ "وشە" ئاماژەی كێشەكانی تەنگژەی دارایی كرد كە بەهۆیەوە ماوەی سێ ساڵە لادێكان سەرپەرشتیار سەردانی نەكردوون، چونكە خەرجی هاتوچۆ و پاداشت بۆ سەرپەرشتیاران خەرج ناكرێت، بۆیە ئێستە تەنیا سەردانی شارۆكە و شارەدێیەكان دەكەن.

ئەو سەرپەرشتیارە روونی كردەوە، "لەو ژمارەیەی وەزارەتی پەروەردە رای گەیاندووە، پشكی كەلار و كفری و خانەقین بە قوتابخانەی بنەڕەتی و ئامادەیی، 60 سەرپەرشتیارە بۆ هەموو پسپۆڕییەكان، هی بنەڕەتی 11 سەرپەرشتیار بۆ كفری، 11 بۆ كەلار و نۆ خانەقین، ئەوانی تریش بۆ ئامادەییەكانن".

لەبارەی دواكەوتنی گەڕانەوەی ناوەكان و كاریگەری بەسەر وەرزی خوێندنەوە، ساڵح روونی كردەوە "بێگومان كاریگەری دەبێت، باشترە زووتر ناو بگەڕێنەوە تا ئەو مامۆستایانەی دەبن بە سەرپەرشتیار، جێیان بە مامۆستای تر پڕ بكرێتەوە و بۆشایی لە قوتابخانە دروست نەبێت، بەڵام بۆ ئەمساڵ وەزارەت دەرگەی گرێبەستی بۆ دەرچووانی زانكۆكان كردووەتەوە كە ببن بە مامۆستای وانەبێژ، بۆیە كێشەمان نابێت لە دواكەوتنی ناوەكان، دەتوانین سوود لەوان وەربگرین بۆ پڕكردنەوەی جێیەكانیان".

جەلال هەمزە كاكەشین دەڵێ، پرۆسەی دانانی سەرپەرشتیاران "زۆر شەفافانە" بووە، هەموو مامۆستا بەشدارەكان كە مەرجەكانی وەزارەت دەیانگرێتەوە، بەشداری سێ تاقیكردنەوەیان كردووە، پاشان چاوپێكەوتنیشیان لەگەڵ كراوە، لەگەڵ ئەوەشدا سەیری دۆسیەكانیان كراوە، لەسەر ئەو بنەمایە نمرە دراوە بە مامۆستا.

زیاتر گوتی "لە كۆی 604 مامۆستا كە بەشدارییان كردووە و تاقیكردنەوەكانیان ئەنجام داوە و چاوپێكەوتنیان لەگەڵ كراوە، 342 مامۆستا بۆ ئەمساڵ ناوەكانیان دەردەچێت و دەبن بە سەرپەرشتیار بەگوێرەی پسپۆڕی".

بەڕێوەبەری گشتیی سەرپەرشتیاریی لە وەزارەتی پەروەردە، هۆی دواكەوتنی گەڕانەوەی ناوی سەرپەرشتیارانی بەستەوە بە رووداوە سیاسییەكانی ساڵی رابردووی هەرێمی كوردستان كە پێیدا تێپەڕیوە. 

بەگوتەی خۆی "وەزارەت لە مانگی ئۆكتۆبەری 2017 دەرگەی بوون بە سەرپەرشتیاری بۆ مامۆستایان كردەوە، بەدوایدا رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر هات، هەموو ئەو رووداوە سیاسییانە و لێكەوتەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، كاریگەرییان لەسەر پرۆسەكەی وەزارەتی پەروەردە هەبووە، بۆیە گەڕانەوەی ناوەكان دواكەوتن". 

"ساڵانی پێشتر كە رەوشی تەناهی و سیاسی سەقامگیر بووە، لە مانگی ئۆكتۆبەر ناوەكان گەڕاونەتەوە و هیچ دوا نەكەوتووە" كاكەشین وای گوت.



وشە - فه‌رمان سادق