تورکیا سزای شەش ساڵ گرتنی بەسەر هونەرمەندێکی کورددا سەپاند

:: AM:09:30:15/11/2018 ‌
 
دادگایەكی توركی، بەتۆمەتی تیرۆر بڕیاری شەش ساڵ گرتنی بەسەر خاتوونە گۆرانیبێژی كورد "هۆزان جانێ" دا سەپاند. تاوانەكەی بەلای دادگاوە، ئەوەیە پێوەندیی بە پەكەكەوە هەبووە.

پێگەی "ئیلاف" هەواڵەكەی بڵاو كردووەتەوە، هۆزان جانێ كە ناوی تەواوی "سیدا ئیناك"ە و یەكێكە لە گۆرانیبێژەكانی كورد و خاوەنی دەیان گۆرانییە. لە 23ی مانگی حوزیرانەوە بەتۆمەتی تیرۆر گیراوە. لەكاتی گرتنیدا لە كۆبوونەوەیەك بووە لەگەڵ حزبی گەلانی دیموكرات كە حزبێكی كوردییە لە توركیا.

بەپێی هەواڵەكەی "ئیلاف" كە دوێنێ چوارشەم بڵاو بووەتەوە، دادگای ئەردەنە كە دەكەوێتە باكوری رۆژئاوای ئەو وڵاتە، بڕیاری شەش ساڵ و سێ مانگ گرتنی بۆ دەكردووە. لەوبارەیەوە پارێزەرەكەی هۆزان رای گەیاندووە، داوای تەمیزی دادگا و حوكمەكەیان كردووە.

گرتنی ئەو هونەرمەندە لەسەر بەڵگەیەك بووە كە لە چەند وێنەیەكدا دەركەوتووە هۆزان لەگەڵ چەند چەكدارێكی "پارێزگارانی گەل"ە كە توركیا پێی وایە سەر بە پەكەكەن. 

بەڵام خێزانی ئەو هونەرمەندە رایان گەیاندووە كە ئەو وێنانە بەهیچ شێوەیەك پێوەندیی بە پەكەكەوە نییە، بەڵكو لە فیلمێكی دیكیۆمێنتاری وەرگیراون كە فیلمەكە باس لە چەوسانەوەی ئێزیدییەكان بە دەستی داعش دەكات لە عێراقدا.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د