لە گەرمیان دابەشكردنی نەوت بۆ دوو هێندە زیاد كرا

:: AM:11:42:19/11/2018 ‌

دابەشكردنی نەوتی سپی لە گەڕەكەكانی شارۆكەی كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیانەوە خرایە بەنزینخانەكانی ناوچەكە.

یادگار  فەتاح بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی گەرمیان بە "وشە"ی راگەیاند، پێشتر تا كەمتر لە هەفتەیەك دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییانی گەرمیان لە ناو گەڕەكەكانی شار بوو، بەڵام ئێستە پرۆسەی دابەشكردنەكەمان گواستووەتەوە بۆ بەنزینخانەكان.

ئەو گوتی، لەگەڵ گرتنەبەری هەنگاوی گواستنەوەی نەوتی سپی بۆ ناوچەكە، حكوومەتی ناوەند ناردنی بەشە نەوتی گەرمیانی زیاد كردووە بە جۆرێك پێشتر پشكی 750 خێزان لە نەوتی سپی لە هەفتەیەكدا دەگەیشتە گەرمیان، بەڵام پشكەكە بۆ هەزار  و 650 خێزان زیاد كراوە.

بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی گەرمیان رای گەیاند، هەوڵەكانیان چڕ دەكەنەوە تا پێش ساڵی نوێ نەوتی سپی بەسەر تەواوی خێزانەكانی گەرمیاندا دابەش بكەن، بۆ ئەوەش رۆژانە سێ بەنزینخانە نەوتیان تێدا دابەش دەكرێ.

پێشتر "وشە" لەزاری هاووڵاتییان ئەو پرسەی ورووژاند و باسی لەوە كرد كە هاووڵاتییان نیگەرانن لە كۆكردنەوەی بەرمیل لە گەڕەك و ناوەندی كۆڵانەكان، بۆیە پاشتر میكانیزمی دابەشكردنی نەوتی سپی لە ناوەندی ماڵانەوە گواسترایەوە بۆ بەنزینخانەكان.

هەر خێزانێك بە پسوولەیەكی تایبەتی بە 51 هەزار دینار بەرمیلێك نەوت وەردەگرێت.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی 



وشە - سلێمان تاشان