توونێلی دەربەندیخان.. وەرگەڕانی تانكەرەكان دەبێتە دیاردە و وریایی لە زیانەكانی دەدرێت

:: PM:07:00:21/11/2018 ‌

وەرگەڕانی تانكەرەكان لە توونێلی دەربەندیخان كێشەی هاتوچۆ دروست دەكات و بووەتە جێگەی مەترسیش بۆ سەر بەنداوی دەربەندیخان، پۆلیسی هاتوچۆی شارۆكەكە دەڵێت، رووداوەكانی هاوشێوە لە حاڵەتەوە بووەتە دیاردە.

رائید رێژەن بورهان، بەڕێوەبەری هاتوچۆی دەربەندیخان ئەمڕۆ چوارشەم بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ڕووداوی وەرگەڕانی تانكەر و ڕووداوەكانی تری هاتوچۆ لە تونێلی دەربەندیخان لە حاڵەت دەرچووە و بووەتە دیاردە، ئەوەیش گرفتێكە ساڵانە دووبارە دەبێتەوە و بەو هۆیەوە زیانێكی زۆری مادی بە دوای خۆی دێنێت.

زیاتر گوتی، ئەوەی لەسەر ئەركی هاتوچۆی دەربەندیخانە بۆ چارەسەركردنی بەردەوامی ڕووداوەكان، دروستكردنی بەربەستێكی خۆڵە لە بەرانبەر توونێلەكە بۆ ئەوەی لە كاتی ڕوودانی ڕووداوەكان، ئۆتۆمبێلەكە بەو خۆڵە بگیرێتەوە و نەكەوێتە ناو ئاوی سیروان.

ئەو بەرپرسە روونی كردەوە، لە دوای دروستكردنی ئەو بەربەستە خۆڵە، حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمار نەكراوە، بەڵام سروشتی بەردەم توونێلەكە بەو جۆرەیە كە پێچی تێدایە و بەو هۆیەوە ئۆتۆمبێلەكان لەكاتی گەڕانەوە تووشی ڕووداوی هاتوچۆ دەبن.


دیار غەریب، بەڕێوەبەری ژینگەی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، وەرگەڕانی تانكەر و بەردەوامبوونی ئەو ڕووداوانە لە توونێلی دەربەندیخان سەرەڕای ڕووداوەكە خۆی، مەترسیشی هەیە بۆ سەر ژینگەی ناوچەكە.

زیاتر گوتی، لەگەڵ ئەوەشدا مەترسی بۆ سەر بەنداوەكە و ئاوی سیروان دروست دەكات، بەو پێیەی ئەگەر تەنكەرێك لە كاتی وەرگەڕانیدا زیاتر بڕوات، ئەوا نزیك دەبێتەوە لە ئاوەكە و بەوەیش مەترسی دروست دەكات.

روونی كردەوە، گرنگە چارەسەر دیاردەی وەرگەڕان بكرێت، ئەو تانكەرەی وەردەگەڕێت، سووتەمەنی پێیە، بەو هۆیەوە ژینگەی ناوچەكە پیس دەبێت و دواتر تێكەڵ بە ئاو دەبێت، هەروەها كێشەیەكی تر، پاككردنەوەی شوێنەكەیە لە كاتی وەرگەڕانی تانكەرێك كە سووتەمەنی پێیە، بەو پێیەی لە ڕابردوو ئەو شوێنە یان پاك نەكراوەتەوە و یان درەنگ پاك بوەتەوە.

بەپێی ئامارێك كە لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی دەربەندیخان بە "وشە" دراوە، تەنیا لە ماوەی ئەمساڵدا لە بەردەم توونێلی دەربەندیخان 10 ڕووداوی وەرگەڕانی تانكەر تۆمار كراوە و بە دەیان ڕووداوی تری هاتوچۆ ڕوویداوە و دەیان هاووڵاتی بریندار بوون، بەڵام هیچ حاڵەتێكی گیانلەدەستدان نەبووە.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو تا ئێستە لە توونێلی دەربەندیخان 45 تانكەر بە سووتەمەنییەوە وەرگەڕاون، سەرەڕای زیانە مادی و گیانییەكان، هاوكات زیانێكی زۆریش بەر شەقام و توونێلەكە و مەترسیش بۆ بەنداوەكە دروست كردووە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی







وشە - مه‌حموود ئیسماعیل