حكوومەتی ترەمپ چی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا دەكات؟

:: PM:01:46:21/12/2016 ‌

رۆژنامەكانی ئەمەریكا و شارەزایان و پسپۆڕان بەردەوام راپۆرت و لێكدانەوە و بۆچوونی خۆیان دەردەبڕن لەسەر پرسی گۆڕانكاری لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپی 45ەمین سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا، زۆرێكیش لە شارەزایان لەو باوەڕەدان كە سیاسەتی داهاتووی دەرەوەی ئەمەریكا بە پلەی یەكەم مامەڵەكردن دەبێ لەگەڵ بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی ئەو وڵاتە لە سەر گۆڕەپانی سیاسەتی نێودەوڵەتی.

زۆرێك لە سیاسییەكان گومانیان لە سەركەوتنی وەزیری دەرەوەی حكوومەتی ترەمپ و تیمەكەی هەیە لە سەركەوتنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا و ئەوان لەو بڕوایەدان تیلرسۆن و تیمەكەی لە وەزارەتی دەرەوە شكست دەهێنن.

گۆڤاری فۆرین ئافێرز پرسیاری ئەوەی كردووە، ئەو كار و دۆسیانە چین كە تیلرسۆن و تیمەكەی دەتوانن لە كاروباری نێودەوڵەتی گرەوی لەسەر بكەن و بەدەستی بهێنن؟ لە میانەی نووسینێكدا جنێفەر هاریس نووسەری گۆڤارەكە دەڵێ، ریكس تیلرسۆن پیاوێكی ئابوورییە و سەرپەرشتی دەیان گرێبەستی ئابووریی زۆر گەورەی كردووە، بەڵام ئەو خێرا تووڕە دەبێ و رێك هاوشێوەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكایە.



ئاماژەی داوە، كارەكانی تیلرسۆن لە پۆستی سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیلی نەوتی لە 2006ەوە تا 2013 كە لەو ماوەیەدا بەسەرپەرشتی ریكس تیلرسۆن زیاتر لە 100 گرێبەستی بازرگانی واژوو كردووە، بەشێكیشیان لەگەڵ ڕووسیان و بەو هۆیەوەش تیلرسۆن كەسێكی نزیكی ڤلادیمێر پوتینی سەرۆكی ڕووسیایە و پێشتریش میدالیای هاوڕێیەتی ڕووسیای پێ بەخشراوە.

ئەو نووسەرە دەڵێ، دوور لە رەخنەی میزاجی و سیاسی، تیلرسۆن ڕووخساری نوێی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا دەبێ، هۆكاری دانانیشی زۆر ڕوونە و ترەمپ دەیەوێ لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكاش پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەكان و بنیادنانی بڕیارە سیاسییەكانی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ئابووری لەگەڵ حكوومەتی وڵاتانی دنیا دەبێت.



بۆیە وەزیری دەرەوەی نوێی ئەمەریكا ئابووری دەكاتە میكانیزمێكی نوێ و كارا لە جێبەجێكردنی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكە، ئەمەش لە كاتێكدایە لە ماوەی 15 ساڵی ڕابردوو سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا لایەنی سەربازی و سوپا و هێزی كردووەتە پێوەر و میكانیزمی بنیادنانی پێوەندییەكان و سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەی.

جنێفەر هاریس دەنووسێ، تیلرسۆن كەسێكی سەركێشە و بەرژەوەندییەكانی وڵاتەكەی دەوێ و گوێ بەهیچی تر نادات، ئەمەش بە تەواوی ڕوونە كاتێك لە 2013 بە بێ گوێدانە هەڕەشە و قسە و هەڵوێستەكانی حكوومەتی عێراق، ئەو گرێبەستی شەش كێلگەی نەوتی لەگەڵ هەرێمی كوردستان كرد، كە تەواو پێچەوانەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا بوون، لە كاتێكدا سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا بە شێوەیەكی فەرمی لەگەڵ یەكێتیی خاكی عێراق بوو، بەڵام ئەمە كاركردن بوو دژی سیاسەتی دەرەوەی حكوومەتی ئۆباما.



ئەو هەموو شتێك لە ئابوورییەوە دەبینێت، لە ساڵی 2008 لیستێكی درێژی كۆمپانیا نەوتییەكانی لیبیا لەلایەن كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیلەوە پێشكەشی كۆنگرێسی ئەمەریكا كرد، بۆ ئەوەی دادگایی ئەو كۆمپانیا نەوتییانە بكەن كە بوونەتە پارەداركردنی كردە تیرۆریستییەكان، هاوكات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی تیلرسۆن و تیمەكەی لە ئیكسۆن مۆبیل توانییان ماوەی ژیانی سیستەمی سیاسی وڵاتانی وەك "ئەنگۆلا و چاد، كۆنگۆی دیموكرات، و غینیا" درێژ بكەنەوە، هەرچەندە سیستەمی سیاسی ئەو وڵاتانە پێچەوانەی  سیاسەت و پێوەر و بنەماكانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا بوو.

گۆڤاری فۆرێن ئافێرز نووسیویەتی، كێشەی گەورە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا ئەوەیە، بەرژەوەندی كۆمپانیا زەبەلاحەكان و بەرژەوەندییەكانی گەلی ئەمەریكا تێكەڵی یەكتر بن، چونكە ئەگەر كۆمپانیا زەبەلاحەكان بەرژەوەندییەكانی خۆیان تێكەڵی سیاسەتی وڵات بكەن، ئەوا دەست بەسەر دەسەڵات دەگرن و یارییەكە لە بەرژەوەندی ئەواندا دەشكێتەوە.

ڤلادیمێر پوتینی سەرۆكی ڕووسیا بە وردی گرنگی ئەو بوارەی درك پێ كردووە، بۆیە ئەو كاتێك دوورگەی كریمای داگیر كرد، هیچ بایەخی بە هاوپەیمانی یەكێتیی ئەوروپا و هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی "ناتۆ" ی نەدا، چونكە ئەو لەو باوەڕەدا بوو وڵاتانی نێو ئەو هاوپەیمانییانە هیچ كات ناتوانن لە دژی ڕووسیا سزای ئابووریی قورس و بەهێز دەربكەن، چونكە كۆمپانیا زەبەلاحەكانیان لە ڕووسیا سەرمایەكی یەكجار زۆریان هەیە و بۆ قازانجیش هاتوونەتە ڕووسیا، نەك حكوومەتی وڵاتەكانیان بە دەستی خۆیان زیانیان پێ بگەیەنێت. ئەو بەر لەوەی ئەو هەنگاوانە بنێ، كۆمپانیای "بریتش پترۆلیۆم، ئیكسۆن، مارسیدس و زۆرێك لە كۆمپانیا زەبەلاحەكانی ڕاكێشایە نێو ڕووسیا.



ئێستەش پوتین لەو باوەڕەدایە ئیكسۆن مۆبیل لەتەك ئەودا دەوەستێتەوە دژی هەر سزایەكی ئابووری كە ئەمەریكا و وڵاتانی رۆژئاوا بیانەوێ بەسەر مۆسكۆی بسەپێنن.

بۆیە پوتین زۆر زیرەكانە تەواوی كۆمپانیا زەبەلاحەكانی وڵاتانی ڕۆژئاوای كردووە بە گرەنتی و ڕەهن بۆ رێگری لە سزادانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بەسەر ڕووسیادا. مۆسكۆ لەو بوارە ئەزموونی هەیە و لە 2014 ئیكسۆن مۆبیل هەموو توانای خۆی بەكار هێنا بۆ ڕێگری لە سەپاندنی سزا قورسەكان لەلایەن واشنتنەوە بۆ سەر مۆسكۆ، چونكە ئیكسۆن مۆبیلی بە  ملیاران دۆلار زیانی دەكرد و لە كۆتایشدا سەركەوت و نەیهێشت سزای قورس بەسەر مۆسكۆدا بسەپێنرێت.

سەرچاوە/فۆرین ئافێرز، ئەلجەزیرە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د