هادی عامری سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح له دیدارێكی ته‌له‌ڤزیۆنی ئاشكرای كرد، فالح فه‌یاز له‌لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیران بۆ پۆستی وه‌زیری ناوخۆ كاندید كراوه، ئه‌ویش وه‌ك هاوپه‌یمانی فه‌تح سوور نییه له‌سه‌ر كاندیدكردنی، به‌ڵكوو با یه‌كێك بێ له كاندیده‌كان و ده‌نگی په‌رله‌مانتاران یه‌كلایی بكاته‌وه كێ پۆسته‌كه وه‌رده‌گرێت.
عامری ئاماژه‌ی دا، فه‌یاز كاندیدی هاوپه‌یمانی فه‌تح و بینا نییه، ئێمه به‌رپرس نین له كاندیدكردن، ناكۆكییه‌كانیش له‌سه‌ر ئه‌و ده‌كرێ له ڕێی ده‌نگدان له په‌رله‌مانه‌وه تێپه‌ڕێنرێن، كاندیدبوونی به‌رپرسیاریه‌تییه له ئه‌ستۆی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق نه‌ك ئێمه.
له‌باره‌ی تۆمه‌تباركردنی فه‌یاز به گه‌نده‌ڵی و ده‌ستهه‌بوون له تاوان، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح ئاشكرای كرد، هیچ بنه‌مایه‌كی نییه، ناوی كاندیدی وه‌زاره‌ته‌كان به‌ر له‌وه‌ی ئاشكرا بكرێن و ببرێنه په‌رله‌مان، له‌لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه ڕه‌وانه‌ی ده‌سته‌ی لێپرسینه‌وه و دادپه‌روه‌ری كاوه و ئه‌وان به ته‌واوی ورده‌كارییه‌كانیان وه‌رگرتووه و هه‌ر كه‌سێك تۆمه‌تبار بووبێ ڕه‌تیان كردووه‌ته‌وه.
له به‌شێكی تری قسه‌كانی ئاماژه‌ی دا، كه مه‌رجه‌عییه‌تی دینی دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه كه سه‌رۆك وه‌زیران ئازاد بكرێ له دیارییكردنی كابینه وه‌زاریییه‌كه‌ی، بۆ ئه‌وه‌ی دواتر به‌رپرسیاریه‌تییه‌كه‌ی بكه‌وێته ئه‌ستۆ.
بۆ پرسی كڕین و فرۆشتنی وه‌زاره‌ت و پۆسته‌كان، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح گوتی، به گرنگییه‌وه پێشوازیم له نامه‌كه‌ی موقته‌دا سه‌در كرد له‌باره‌ی كڕێن و فرۆشتنی پۆسته‌كان، به‌ڵام تا ئێسته چاوه‌ڕێم زانیاری ورده‌كاری بۆ خه‌ڵك ئاشكرا بكات تا لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر بكرێت.
له كۆتایی قسه‌كانی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح ڕوونی كرده‌وه، كه هێزه‌كانی عێراق ئه‌ركه‌كانی خۆیان ڕاده‌په‌ڕێنن و بوونی پێشمه‌رگه و حه‌شدی سوننیش له هه‌ندێ ناوچه پێویستن، واته ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان.