دیارترین ئەو ئاژەڵانەی بوونەتە درووشم و هێمای وڵاتان

:: PM:07:36:09/12/2018 ‌

بەدرێژایی مێژوو مرۆڤ كارلێككردنی لەگەڵ ژینگەكەی كردووە و لەگەڵ پەرەسەندنی سیستەمە كولتووری و هێماییەكان، مرۆڤ سوودی لەوانە وەرگرتووە كە لە دەوروبەری هەن بۆ بەرجەستەكردنی سیفاتەكانیان و كردوونیەتی بە هێما و نیشانە بۆ چەند بوارێكی ژیانی خۆی، بۆیە لەگەڵ پەرەسەندنی كۆمەڵگا و وڵاتان ئەوان بەدوای هێمایەك بۆ بەرجەستەكردنی خۆیان گەڕاون و كردوویانە بە درووشمی فەرمی و بە ویستی خۆیان شتێكیان هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی وڵاتانی خۆیان بەو شێوەیە هێما بكەن. لە خوارەوە هەشت لە دیارترین ئەو ئاژەڵانەن كە وڵاتان و گەلان كردوویانەتە هێما بۆ خۆیان لە جیهان:

*داڵ، نیشانەی ئازایەتی و ئازادی، لە زۆرێك لە كولتوورەكان وەك شای ئاسمان بە هاوشێوەی شێر لەسەر زەوی وەسف كراوە و لە زۆرێك لە ئەفسانەكان بە خاوەنی پێوەندی بە خواكانەوە دانراوە وەك ئەقریقییەكان بە زیۆس و رۆمانییەكان بە جوبیتۆر و جەرمانەكان بە ئۆدین و میسرییە فیرعەونییەكان بە هێمانی حۆرسیان داناوە، بۆیە ئەو بەوە جیا دەكرێتەوە كە لاشەی مردوو ناخوات و تەنیا ئەوە نەبێت كە خۆی راوی دەكات.

فارسەكان وەك نیشانەی سوپا و رۆمانییەكان بەهەمان شێوە و ئێستەیش ئەمەریكاییە رەسەنەكان لایان باڵندەیەكی پیرۆز بوو و دواتر لە ئەمەریكا دوای سەربەخۆبوونی لە بەریتانیا بووە درووشمی فەرمی ئەو وڵاتە لە 1782ەوە و خرایە سەر پوول و مۆرە فەرمییەكان و پاسپۆرت و دراویش، لە عێراقیش بووەتە درووشمی فەرمی كۆماری عێراق، جیا لە لیبیا و یەمەن و ئوردن و میسڕ و فەڵەستین و نەمسا و چیك و ئەڵمانیا و ئەلبانیا و ئەر مینیا و مەكسیك. 

*ورچ.. درووشمی بەناوبانگی رووسیا، ورچ لە ناوچە دارستان و ساردەكان دەژیت و لە زۆرێك لە وڵاتان هەیە، بەڵام بووەتە درووشم لای دوو دەوڵەت ئەوانیش رووسیا و فنلەندان و تەنانەت رووسیا بە "ورچی رووسی" ناو دەبرێت.

*كەڵەشێر، درووشمێك بۆ فڕەنسییەكان، ئەو باڵندە بە گەلانی "غال"ەوە بەستراوەتەوە كە لە ناوچەكانی رۆژئاوای ئەوروپا جێنشینن كە دەكاتە فڕەنسای ئێستە، لە سەتەكانی ناوەڕاست كڵێسای كاسۆلیكی كەڵەشێری وەك درووشم و هێمایەكی ئاینی داناوە و بانگدانیشی هەموو بەیانییەك وەك ئاماژەیەك بۆ سەركەوتنی چاكە بەسەر خراپە و رووناكی بەسەر تاریكی. بۆیە وێنەی كەڵەشێر بەسەر زۆرێك لە كڵێساكان بینراوە، بەڵام دوای شۆڕشی فڕنسا بوو بە درووشمێك بۆ گەلی فڕەنسا، لەو كاتەی نەیارانی فڕەنسا بە گاڵتەجاڕییەوە ئەو درووشمەیان بە فڕەنساییەكان دەبەستەوە. بۆیە لای فڕەنساییەكان كەڵەشێر وەك جادوویەكە بۆ سەركەوتن و نیشانەیەكە بۆ بەرگری و رەتكردنەوەی خۆبەدەستەوەدان.

*شێر، وەك درووشمی ئینگلیزەكان، سەرەڕای ئەوەی شێر بوونی نییە لە ئەوروپا، بەڵام بووەتە درووشمی فەرمی دوورگەكانی بەریتانیا لە هەریەك لە ئینگڵتەڕا و سكوتلەندا و وێڵز و و ئەوەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لە كولتووری جو و كریستیانەكان دروشمی شانشینی یەهوزا بووە و لە تەورات یەهوزا بە شێر چوێندراوە، بۆیە ئینگلیزەكان كردوویانە بە درووشمی خۆیان كە نیشانەی ئازایەتی و پیاوچاكییە. جیا لە بەكارهێنانی وەك درووشم لە بەلجیكا و هۆڵەندا و لۆكسمبۆرگ و لە ئاسیاش لە سریلانكا.

*فیل، درووشمی نافەرمی هیندستان، فیل پێگەیەكی گرنگی لە میسۆلۆجیای هندستان هەیە و مانای ئارامی و سوپاسگوزاری و دڵفراوانی و ئەمەگداری دەگەینەنێت و لای هیندۆسەكان خوایەكیان هەیە بەناوی گانیشا، واتە خواوەندی فیل كە شێوەی فیلە و خواوەندی دانایی و سەركەوتن و سەرەتا نوێیەكانە، ئێستە 30 هەزار فیل لە هیندستان هەیە و لە 2010 فیل وەك ئاژەڵێكی نەتەوەیی لە هیندستان راگەیەندرا و درووشمی سێیەم گەورە پارت و سێیەم ناودارترین رۆژنامەی ئەو وڵاتەیە و لە دەرەوەیش وەك هێمایەكە بۆ هیندستان.     

*مەها، ئەو جۆرە ئاژەڵە مەمكدارە بەتایبەتی جۆرە عەرەبییەكەی كە لە رۆژهەڵاتی عەرەبیدا دەژیت، وەك درووشمی نافەرمی چەند وڵاتێكە وەك عومان و قەتەڕ و ئوردن و ئیمارات، ئەو رەنگێكی سپی و خاوەن بەرگرییە بۆ گەرما لە بیابانەكان و نموونەیەكیشە بۆ جوانی.

*گورگ، رەنگە وێنەی گورگ لە سەرانسەری دنیا بە ستەم و مەكربازییەوە بەسترابێتەوە، بەڵام ژمارەیەك گەل و وڵاتان هەن بەتایبەتی لە باشووری ئەوروپا بە ئاژەڵی نەتەوەیی خۆیانی دەزانن و بە ئازایەتی و هێز وەسفی دەكەن بەتایبەتی لای پورتوگال و سڕبیا و ئیتاڵیا، بەڵام تەنیا لە ئیتاڵیا بووەتە درووشم.

*كەنگەر، ئەو ئاژەڵە بە وەستان و پێیە درێژەكانی دەناسرێتەوە كە لەپاڵ باڵندەی ئیمۆ وەك درووشمی فەرمی ئوسترالیا بەكار دێت هەروەها لەسەر دراو و پۆستە و وەك درووشمی تیپە وەرزشییەكان دەبینرێت، ئەوەیش چونكە لەو كیشوەرە بڵاوبووەتەوە و بووەتە ئاماژەیەك بۆ ئەو وڵاتە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل