پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق بۆ 14% زیاد دەكرێت

:: PM:11:30:11/12/2018 ‌

سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگەدار ئاشكرای دەكات كە حكوومەتی عێراق رازی بووە لەسەر زیادكردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی 2019ی عێراق و دووپاتی كردەوە كە رێژەكە لە 12.67% بۆ 14% بەرز كراوەتەوە.

سەرچاوەكە روونی كردەوە، لیژنەی هاوبەشی حكوومەت كە بۆ چاوخشاندن بە پشكی هەرێم بە یودجەی عێراق پێكهێنراوە، رەزامەندی پێشان داوە لەسەر زیادكردنی پشكی هەرێم لە بودجەی گشتیی 2019ی عێراق.

بەپێی سەرچاوەكە پشكی هەرێم بۆ 14% زیاد دەكرێت لە بری 12.67% كە لە بودجەی 2018 بەو شێوەیە جێگیر كرابوو و رەزامەندییەكەیش بۆ رازیكردنی پارتە كوردییەكان كراوە كە پێشتر لەسەر داوای فوئاد حوسێن وەزیری دارایی عێراق پێشنیاز كرابوو.

شایەنی باسە بڕی بودجەی عێراق بۆ 2019 دەگاتە زیاتر لە 105 ترلیۆن دینار و خەرجییەكانیش دەگاتە زیاتر لە 128 ترلیۆن دینار بە رێژەی كورتهێنانی نزیكەی 23 ترلیۆن دینار.

لە 22ی تشرینی دووەمی رابردوو جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، لە دوایین دانیشتنمان لەگەڵ حكوومەتی عێراق لە بارەی پڕۆژەیاسای بودجە، 42 خاڵ لە لایەن لیژنەی داراییەوە خراوەتە بەردەم حكوومەت كە نۆ خاڵیان باسی پشكی كورد دەكەن وەكو رێژەی بودجە و شەهیدان و پێشمەرگە و پارێزگای هەڵەبجە.

زیاتر گوتی، بەپێی پڕۆژەكەی حكوومەت بێت، لە نێوان 45 بۆ 50 هەزار پێشمەرگە لە هەرێمی كوردستان حیساب كراوە بۆ بودجە و دووپاتی كردەوە، لەگەڵ فوئاد حوسێن وەزیری دارایی عێراق دانیشتنمان كردووە، وەڵامی دڵخۆشەكەری پێداین بەوەی پشكی كورد لە نزیكترین حاڵەتدا بۆ 14-15% بەرز دەكرێتەوە.



   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل