سیسته‌مى ئه‌نجامدانى تاقیكردنه‌وه‌كان ده‌گۆڕدرێ
ئه‌مڕۆ به‌شێك له خوێندكارانی پۆلی 12ی ئاماده‌یی له هه‌ردوو به‌شی زانستی و وێژه‌یی له دژی بڕیارێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی ڕاپه‌ڕین بۆ دانانی سیستمێكى نوێ بۆ تاقیكردنه‌وه‌كان خۆپێشاندانیان ئه‌نجام دا.
به‌هره محه‌مه‌د یه‌كێك له نوێنه‌رانی خوێندكارانی ناڕازی له ڕانیه به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، ئه‌مڕۆ له دژی ئه‌و بڕیاره‌ی كه به پێی سیستمی 50%ى پرسیاری تاقیكردنه‌وه‌كان به‌شێوه‌ی هه‌ڵبژاردن بێت و 50%ى به شێوه‌ی شیكردنه‌وه و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی درێژ ده‌بێت خۆپێشاندان ئه‌نجام درا. ڕوونیشى كرده‌وه كه قوتابیان داوا ده‌كه‌ن سه‌رجه‌م پرسیاره‌كان به‌شێوه‌ی هه‌ڵبژاردن بێت.
ئه‌و قوتابییه گوتى، ئه‌م سیستمه به سیسته‌مێكی خراپ و نه‌شیاو داده‌نێین، چونكه به‌هۆی ئه‌و سیستمه‌وه چه‌ندان خوێندكار وازیان له خوێندن هێناوه.
هاوكات یوسف ناوده‌شتی لێپرسراوی به‌شی ڕاگه‌یاندنی په‌روه‌رده‌ی ڕاپه‌ڕین به "وشه"ی راگه‌یاند، گردبوونه‌وه‌ی خوێندكاران به‌هۆی بڕیارێكه‌وه‌یه كه له‌لایه‌ن په‌روه‌رده‌ی گشتی سلێمانییه‌وه نێردراوه بۆ په‌روه‌رده‌ی ده‌وروبه‌ر و بڕیاره‌كه له‌ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌دا نییه، چونكه له ساڵی 2017 دا ده‌ركراوه.
هه‌روه‌ك ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه كرد، ساڵى ڕابردوو به‌هۆی بایكۆته‌كان گوشارمان نه‌خسته سه‌ر قوتابیان بۆ ئه‌وه‌ى جێبه‌جێ بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌مساڵ جێبه‌جێ ده‌كرێ.
گۆڕینى سیسته‌مى تاقیكردنه‌وه‌كان بۆ ئه‌مساڵ له كاتێكدایه كه ساڵى ڕابردوو ته‌واوى ته‌واوى پرسیارى تاقیكردنه‌وه‌كان به سیسته‌مى هه‌ڵبژاردن داده‌نرا.
ڕاپه‌رین/ شادان به‌كر
وشە -
سه‌رخێڵ هاشم