کۆماندۆزی ئەمەریکا لەو قۆناغەی جەنگی مووسڵ بەشداری دەکەن

:: PM:07:34:24/12/2016 ‌
گەورە فەرماندەیەکی عێراق دووپاتی کردەوە کە دەیان سەربازی ئەمەریکایی لە یەکە تایبەتەکان و کۆماندۆزی ئەم وڵاتە بەشداریان لە جەنگی دژ بەداعش لە شاری مووسڵ لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە کردووە لەپاڵ سوپای عێراق و هێزەکانی دژەتیرۆر.

بەشداریکردنی ئەو یەکە تایبەتانەی ئەمەریکا لە جەنگ دوای پێشڕوی هێزەکانی عێراق هات لە گەڕەکەکانی سۆمەر و حەدبا و موسەنا لە باکوری رۆژهەڵاتی مووسڵ لەناو پاڵپشتی سەربازی و بۆردمانی سەختی ئاسمانی ئامانجەکانی داعش.

شەوی رابردوو هێزەکانی عێراق لە هەردوو قۆڵی باکور و باشووری مووسڵ دەستیان بە پێشڕەویکردن کردەوە، بەیانی ئەمڕۆش لە قۆڵی رۆژهەڵات دەستیان بەپێشڕەوی کرد، ئەفسەرێکی عێراقی لەو بارەوە رای گەیاند کە چەند یەکەیەکی کۆماندۆزی ئەمەریکایی لەسەر زەوی بەشداری سوپای عێراق و هێزەکانی دژەتیرۆر دەکەن لەو جەنگەدا و ئەوان زیاتر چارەسەری ئامانجە سەختەکان دەکەن.

ئێستە جەنگێکی سەخت گەڕەکەکانی وەحدە و کەفائات و میساق و سۆمەر و مەلایین و موسەنا و جەزائیری لە رۆژهەڵات و باکوری رۆژهەڵاتی مووسڵ گرتووەتەوە لەو کاتەی ئەمڕۆ دەست پێکردنەوەی دووەم قۆناغی جەنگی مووسڵ هاتە راگەیاند.

سەباح نوعمان گوتەبێژی فەرمی هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق ئەمڕۆ شەموو ئاشکرای کرد کە قۆناغێکی تری گرنگی جەنگی مووسڵ دەستی پێ کردووە و ئامانجەکانی ماون کەمترن لە هی قۆناغی یەکەم، دووپاتی کردەوە کە لە بەری چەپی شارەکەدا تەنیا 15 گەڕەک بەدەستی داعشەوە ماونەتەوە.

جەنگی ئازادکردنەوەی مووسڵ لە 17ی تشرینی یەکەمی رابردوو لەلایەن هێزە هاوبەشەکانی عێراق بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش دەستی پێ کرد و تا ئێستە توانراوە 40 گەڕەکی بەری چەپی شاری مووسڵ ئازاد بکرێتەوە. 

سەرچاوە: عەرەبی ئەلجەدید


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل