خێوەتی ئاوارەكان خراپە و ژیانیان لە مەترسیدایە

:: PM:04:30:25/12/2016 ‌

بەهۆی ئەو كەشە باراناوییەی دوو رۆژە كوردستانی گرتووەتەوە، ژیانی بەشێك لە ئاوارەكان كەوتووەتە مەترسییەوە. بەرپرسی یەكەی كاروباری ئاوارەكان لە پارێزگای هەولێر دووپاتی دەكاتەوە كە مەترسی لەسەر خێوەتی ئاوارەكانی كەمپی خازر هەیە. ئەوەش ناشارێتەوە كە داوایان لە وەزارەتی كۆچ كردووە بە هانای ئاوارەكان بچن.

لە دوێنێ شەمووەوە شەپۆلێكی باران هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە و بەردەوامە، لە كاتێكدا سەتان هەزار ئاوارە لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمەكە لە خێوەتدان و سەختترین كاتەكانی ساڵی 2016 بەڕێ دەكەن.

ئەندازیار ڤیان ڕەشید بەرپرسی یەكەی كاروباری ئاوارەكان لە پارێزگای هەولێر بە"وشە"ی ڕاگەیاند "بەهۆی بارانی بەردەوام، كێشەمان لە كەمپەكان هەیە بە تایبەتی لە جۆریەتیی خێوەتەكاندا كە خراپن و بەرگەی باران و سەرما ناگرن".

ڕوونی دەكاتەوە "دوێنێ‌ لە كەمپی دیبەگە نایلۆنمان دابەش كرد بەسەر ئاوارەكاندا تا لە خێوەتەكانی بئاڵێنن". بەڵام وەك خۆی گوتی "مەترسی لەسەر خێوەتی كەمپی خازر هەیە، چونكە جۆرەكەی باش نییە و داوامان لە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران كردووە بە هانامان بێن و خێوەتی باشتر دابین بكەن بۆ ئاوارەكان، بەڵام تا ئێستە وەڵامیان نەداوەتەوە".

وەزارەتی كۆچی عێراق لایەنی بەرپرسیارە لە دابینكردنی خێوەت و خزمەتگوزاری سەرەتایی بۆ ئاوارەكان، رێكخراوەكانی سەربە نەتەوە یەكگرتووكانیش كە لایەنی وەرگری كۆمەكە نێودەوڵەتییەكانن بۆ ئاوارەكانی كوردستان، هەندێك پێداویستی بۆ ئاوارە دابین دەكەن، بەڵام جۆری خەرجی و كاتەكانی دابینكردنی پێداویستییەكان لەژێر پرسیاردایە.

"بنكەی تەندروستی تایبەت لە كەمپەكاندا هەیە و بە هاوكاری لەگەڵ ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی who چارەسەری نەخۆشەكان دەكەین، تا ئێستە هیچ زیانێكی گیانی بەهۆی بارانەوە دروست نەبووە". ڤیان وای گوت.

بەرپرسی كاروباری ئاوارەكان لە پارێزگای هەولێر ئەوەش دەخاتە ڕوو كە لە هەفتەی ڕابردوو كەلپەلی ناوماڵ و بەتانی و دۆشەك بەسەر ئاوارەكانی كەمپەكانی دیبەگە و خازر و حەسەن شام دابەش كراوە كە ڕێكخراوی iom هاوكار بوو لەو هەڵمەتەدا لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان.

كەمپەكانی خازر یەك و دوو و حەسەن شام و دیبەگە، ئەو ئاوارانەی لەخۆ گرتووە كە بەهۆی شەڕی ئازادكردنی مووسڵەوە رۆژانە بەرەو كوردستان كۆچ دەكەن و ئێستە ژمارەیان زیاتر لە 60 هەزار كەسە.

بەرپرسەكەی پارێزگای هەولێر دووپاتی دەكاتەوە كە كێشە لە "جۆریی خێوەت" و قوڕاویبوونی رێگەكانی ناو خێوەتەكان هەیە و ئەوەیش ئاشكرا دەكات كە "كەشوهەوا ئاسایی بێتەوە رێگەكانی ناو كەمپەكان چەوڕێژ دەكەین و خێوەتەكانیش چارەسەر دەكەین".

هەولێر-هێمن ڕەفیق  




وشە - تایبه‌ت