سڵاوی سەربازی لە مەسروور بارزانی دەنگدانەوەی لێ دەكەوێتەوە

:: AM:09:59:12/01/2019 ‌
دوای سەردانی گەورە ڕاوێژكاری وەزارەتی بەرگری بەریتانیا بۆ هەرێمی كوردستان و دیداری لەگەڵ مەسروور بارزانی ڕاوێژكاریی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و ئەنجامدانی سڵاوی سەربازیی، لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی ئەو دیمەنە دەنگدانەوەی زۆری لێ كەوتووەتەوە. شارەزایەكی سەربازی چەند نهێنییەكی ئەو دیمەنە شی دەكاتەوە.

ئەمڕۆ شەموو 12ـی كانوونی دووەم، بەختیار حەمەڕەشید ڕاوێژكاری پێشوو لە هێزەكانی هاوپەیمانان لەكاتی لێدانی ڕژێمی بەعس و شارەزای بواری سەربازیی، بۆ "وشە" روونی كردەوە كە سەردانی جەنەڕاڵ سێر جۆن لۆریمێر گەورە راوێژكاری وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شاندەكەی بۆ مەسروور بارزانی كۆمەڵێك بۆچوون لەخۆ دەگرێت.

زیاتر گوتی، "بەریتانییەكان بەوە ناسراون كە تەنیا لەگەڵ هاوپەیمانەكانیان سڵاوی سەربازی دەكەن، ئەوەیش لە كۆبوونەوەكانی نێوان جەنەڕاڵەكانی ڕووسیا و بەریتانیا بینراوە، كاتێك پێوەندی نێوانیان ناخۆش بێت هیچ سڵاوێك لە یەكتر ناكەن و ڕاستەوخۆ لەسەر مێزی گفتوگۆ دادەنیشن".

ئەو راوێژكارە سەربازییە ئاماژە بەوە دەكات كە ئێستە پێوەندیی نێوان بەریتانیا و كورد لە سڵاوكردنە سەربازیییەكەی لۆریمێر ئەوە دەردەخات كە پێگەی كورد لای بەریتانیا گرنگی خۆی هەیە و سەردانی تریش دەبێت لە نێوان هەردوولا دوای پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

ئەو وێنەیەی سڵاوكردنی گەورە راوێژكارە بەریتانیاییەكە لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی دەنگدانەوەی زۆری لێ كەوتووەتەوە و هاووڵاتییان بە بەهێزی پێگەی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لێكی دەدەنەوە.

دیدارەكە ڕۆژی پێنجشەم جەنەڕاڵ سێر جۆن لۆریمێر گەورە راوێژكاری وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جۆن ویلكس باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق، بەڕێوە چوو، تێیدا دوا پەرەسەندنەكانی ناوچەكە و پێوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیا و میكانیزمی هاوئاهەنگی زیاتر لە بواری دژایەتی تیرۆر و مەشقی سەربازی، گفتوگۆی لەسەر كرا.





وشە - رامیار جەواد