ساڵانه له بازیان 100 كه‌س تووشی نه‌خۆشیی پێست و ته‌نگه‌نه‌فه‌سی ده‌بن و هه‌ندێك حاڵه‌تی تووشبوون به شێرپه‌نجه‌یش به‌دی كراوه، هۆكاره‌كه‌ش بۆ بوونی كارگه‌كانی پیشه‌سازی ده‌گه‌ڕێته‌وه.
ئیسماعیل ئه‌مین به‌ڕێوه‌به‌ری مه‌ڵبه‌ندی ته‌ندروستی ئێشكگری له شاره‌دێی بازیان، به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، كارگه‌كان له سنووری ئیداره‌ی شاره‌دێی بازیان و دۆڵی بازیان، كاریگه‌ری زۆر خراپیان له‌سه‌ر ناوچه‌كه دروست كردووه و خه‌ڵكی گیرۆده بوون به‌ده‌ست ئه‌و كارگانه، به‌هۆیه‌وه ڕێژه‌ی نه‌خۆشی له ناوچه‌كه له زیادبووندایه.
به‌گوته‌ی ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره "ئێسته دانیشتووانی بازیان وایان لێ هاتووه به‌راورد به ناوچه‌كانی تر زیاتر تووشی هه‌ندێ نه‌خۆشی ده‌بن كه مه‌ترسیداره، به‌تایبه‌ت دوو جۆر نه‌خۆشی كه به‌هۆی ئه‌و دووكه‌ڵه‌وه تووشی هاووڵاتییان ده‌بن، ئه‌وانیش نه‌خۆشیی پێست و ته‌نگه‌نه‌فه‌سین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دواجار نه‌خۆشیی درێژخایه‌نی شێرپه‌نجه".
به‌هۆی ئه‌و كارگانه و دووكه‌ڵه‌كانیان، به‌خێرایی نه‌خۆشیی پێست و ته‌نگه‌نه‌فه‌سی له‌ناو هاووڵاتییان بڵاو ده‌بێته‌وه و سه‌رئه‌نجام سه‌ر ده‌كێشێت بۆ نه‌خۆشییه درێژخایه‌نه‌كه كه به تێپه‌ڕبوونی كات و له چه‌ند ساڵی داهاتوو ئه‌نجامه‌كه‌ی ده‌رده‌كه‌وێت.
به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه كرد، "ساڵانه له سنووری بازیان به‌هۆی ئه‌و كارگانه‌وه له نێوان 50 بۆ 100 كه‌س تووشی نه‌خۆشیی پێست ده‌بن، ژماره‌كه‌یش له زیادبووندایه".
كامیل حوسێن هاووڵاتییه‌كی به ته‌مه‌نی سنووره‌كه كه ئێسته زیاتر له 50 ساڵ ته‌مه‌نیه‌تی و له دۆڵی بازیان له دایك بووه، به"وشه"ی گوت، هه‌رچی هاووڵاتیی سنووره‌كه هه‌یه به‌ده‌ست كارگه‌كانه‌وه ده‌ناڵێنن و بوونه‌ته مه‌ترسیی زۆر گه‌وره بۆ سه‌ر ته‌ندروستیمان، خه‌ریكه هه‌ندێ نه‌خۆشی به‌هۆی ئه‌و كارگانه‌وه له ناو هاووڵاتییان وای لێ هاتبێ هه‌ر ماڵه و نه‌خۆشێكی هه‌بێت.
له سنووری شاره‌دێی بازیان به سه‌دان كارگه‌ی هه‌مه‌جۆر هه‌ن و چه‌ندان كارگه‌ی تواندنه‌وه‌ی ئاسن و دروستكردنی چیمه‌نتۆ، مه‌ترسییان بۆ سه‌ر هاووڵاتییانی ناوچه‌كه دروست كردووه، بوونی زیاتر له 160 كارگه جێی مه‌ترسین و هاووڵاتییان به كۆمه‌ڵكوژییه‌كی له‌سه‌رخۆ ناوی ده‌به‌ن.
به‌گوته‌ی كامیل حوسێن، ئه‌و كارگانه له دوای خۆرئاوابوونه‌وه تا به‌ره‌به‌یان دووكه‌ڵه‌كه به‌ر ده‌ده‌ن و ده‌چێ به لووت و ده‌می هاووڵاتییان، به‌هۆی ئه‌و دووكه‌ڵه‌وه نه‌خۆشخانه‌كان به هاووڵاتییانی بازیان پڕ بوونه‌ته‌وه.
له چوار به‌شی نه‌خۆشانی تووشبوو به شێرپه‌نجه، به‌شێكیان خه‌ڵكی سنووری شاره‌دێی بازیانن و كه‌سی نزیكی به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ش تووشی ئه‌و نه‌خۆشییه درێژخایه‌نه بووه و ئێسته چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرێت، كه‌سیش هه‌بووه كارگه‌كه به‌رانبه‌ر ماڵه‌كه‌ی بووه و تووشی شێرپه‌نجه بووه و گیانی له ده‌ست داوه.
به گوته‌ی هاووڵاتییانی ئه‌و سنووره، ئه‌و كارگه‌یه‌ی كه زۆر بووه‌ته جێی مه‌ترسی بۆ سه‌ر ته‌ندروستی هاووڵاتییانی ناوچه‌كه، كارگه‌ی ئاسن تواندنه‌وه‌یه.
بازیان ده‌كه‌وێته به‌شی باكوری ڕۆژئاوای سلێمانی و 20 كیلۆمه‌تر له سه‌نته‌ری شاره‌كه‌وه دووره، چه‌ندان گوندی له‌سه‌ره و زیاتر له 15 هه‌زار كه‌سی لێ ده‌ژیت.
دكتۆر محه‌مه‌د عه‌بدولوه‌هاب پسپۆڕی ته‌ندروستی كۆمه‌ڵ و ئه‌ندامی لیژنه‌ی زانستی نه‌خۆشخانه‌ی هیوا، به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، كارگه‌كانی سلێمانی و دۆڵی بازیان، یه‌كێكن له‌و هۆكارانه‌ی ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی دووپاتی كردووه‌ته‌وه كه هۆكارن بۆ تووشبوون به نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه، به‌ڵام له ماوه‌ی دوو ڕۆژ و مانگ و ساڵێكدا كاریگه‌رییان به‌دیار ناكه‌وێت و به‌پێی كات ده‌بنه كێشه و نه‌خۆشی بۆ هاووڵاتییان.
ئه‌وه‌شی گوت، پیسبوونی ژینگه هۆكارێكی تره بۆ زیادبوونی تووشبوون به نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه، هه‌روه‌ها ئۆتۆمبێل و موه‌لیده‌كانی به‌رهه‌مهێنه‌ری كاره‌با هۆكاری ترن بۆ تووشبوون به‌و نه‌خۆشییه.
به‌گوته‌ی دکتور محەمەد، له نه‌خۆشخانه‌ی هیوا به‌دوای ورده‌كاریی كه‌سی تووشبوو ناچن، به‌ڵام له ناو تووشبووه‌كاندا كه‌سانێك هه‌ن دانیشتووی ناوچه‌ی بازیانن و تووشی نه‌خۆشییه‌كه بوون، به‌ڵام ناتوانن بڵێین جیاواز له ناوچه‌كانی تره بۆ تووشبوون چونكه به‌دوای ناوچه‌گه‌رایه‌تی نین.
له سلێمانی ساڵانه دوو هه‌زار كه‌سی نوێی تووشبوو به نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه له نه‌خۆشخانه‌ی هیوا تۆمار ده‌كرێن، به‌گشتیش له سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر له 20 هه‌زار كه‌س تووشی نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه بوون.
وشه/ سلێمانی - هۆشیار عه‌لی