دهۆکییەکان: لە نرخی کارەبا ناڕەزاین

:: PM:06:59:27/12/2016 ‌
بەرزبوونەوەى نرخی کارەباى موەلیدەی کۆڵانان لە سنوورى پارێزگاى دهۆک گلەیى زۆرى بەدواى خۆیدا هێناوە و هاووڵاتییان رادەگەیەنن کە ئەوان چیتر ناتوانن ئەو بارگرانییە قبووڵ بکەن و داوای چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا دەکەن.

شەماڵ شوکرى /هاووڵاتی/ لەو بارەوە بە "وشە"ى گوت، چاوەڕوانی ئەوە بووین کە حکوومەتى هەرێمى کوردستان کەمێک قوڕسایى سەر شانمان سووک بکات، کەچى رۆژ لە دواى رۆژ بارگرانى سەر هاووڵاتییان زیاتر دەبێت، ئاماژەی کرد کە ئەوەتا بو ئەم مانگە نرخی یەک ئەمپێر کارەبا بە 16 هەزار 500 دینارە، کە بەراستى ئەمە زۆرە و ناتوانین لەم تەنگژە داراییەدا بیدەین.

نەسروڵا عومەر هاووڵاتییەکى ترى دهۆک گوتى، کارەباى موەلیدە زۆر نارێکە و ڤوڵتییەکى زۆر لاوازى هەیە و ناتوانن وەک پێویست سوودی لێ وەبگرین، ئەوەتا من پێنج ئەمپێر کارەباى موەلیدەم بەستووە و تەنیا بوو رووناککردنەوە بەکاری دێنین، وێڕاى ئەوە هەندێک جار لەکاتى ناپێویستدا موەلیدە هەڵدەکرێت، بە تایبەتى دواى کاتژمێر دوازدەى شەو و بەیانیان.

سەفەر تەیب بەڕێوەبەرى گشتیى کارەباى دهۆک بە "وشە"ى گوت، کارەباى هەموو هەرێمى کوردستان بە توڕێکەوە بەستراوەتەووە و هەموو شارێک وەک یەک کارەبا وەردەگرێت، بەڵام پێم وایە جیاوازى لە ڤۆڵتییەدا هەیە بە تایبەتى لە دهۆک، چونکە رێژەیەکى زۆرى کارەباى دهۆک بو ئاوارەکان دەچێت و ئەوەش بارگرانییەکى زۆری لەسەر کارەباى دهۆک دروست کردووە.

زیاتر گوتی، ئێستە بەشێوەیەکى بەردەوام و لە چەند کاتێکى جیاوازدا حەوت بو هەشت سعات کارەباى نیشتمانى بە هاووڵاتییان دەدرێت، وێراى ئەوە ئەم رێژەیە زور کەمە، بەڵام هەوڵ دەدرێت دوخى کارەبا باشتر بێت و لەمبارەیەوە هەماهەنگی زۆر لەگەڵ وەزارەتى کارەبادا هەیە و گەشبینین کە کارەبا باشتر بێت.

ڤەهێل ناجى ئەندامى لیژنەى موەلیدە ئەهلییەکان لە پارێزگاى دهۆک بە "وشە"ى گوت، بەهۆى کەمبوونەوەى سعاتەکانى کارەبا بە شێوەیەکى بەردەوام 12 بو 13 سعات کارەبا بە هاووڵاتییان دەدرێت، کە ئەمەش رێژەیەکى زۆرە و لەبەر ئەوە بۆ ئەم مانگە بو هەر ئەمپێرێک 16 هەزار 500 دینار وەردەگیرێت.

زیاتر گوتی، بۆ سووککردنى بارگرانى لەسەر شانى هاووڵاتییان ئەوان دەتوانن 16 هەزار 500 دینار بدەن و دەشتوانن 15 هەزار دینار بدەن و ئەو هەزار و 500 دینارەى ماوە مانگێکى تر بیدەن کە کەمتر کارەبایان پێ دەدرێت.

ئەندامى لیژنەى موەلیدەکان لە سنوورى پارێزگاى دهۆک روونی کردەوە کە ئەو برە پارەیە بۆ سەنتەرى شارى دهۆک و شارۆکەکانى زاخۆ و سێمێل دیاری کراوە و شارۆکەکانى ترى ئامێدى و ئاکرێ و شێخان و بەردەدەرش بە میکانزمێکى تر کارەبا بە هاووڵاتییان دەدەن.

لە سنوورى پارێزگاى دهۆک هەزار 50  موەلیدەی ئەهلى و بازرگانى هەن و لەوانەش  470 موەلیدە دەکەونە سەنتەرى شارى دهۆک.

دهۆک/ نەوزاد هلۆرى


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل