مەرجەکانی سوننە بۆ ئاشتەوایی چییە؟

:: PM:07:02:27/12/2016 ‌
سەرچاوە: پەرلەمانتارێکی سوننە ئاشکرای دەکات کە هاوپەیمانی یەکێتی هێزە عێراقییەکان (سوننە) چەند داواکارییەکی بۆ قبووڵکردنی پڕۆژە ئاشتەواییەکەی هاوپەیمانی نیشتیمانی خستووەتە روو کە گرنگترینیان بوونی گرێنتی نێودەوڵەتییە بۆ جێبەجێکردنی.

پەرلەمانتاری سوننە ئەحمەد مەشهەدانی لەو بارەوە رای گەیاند کە دیارترین داواکاری هاوپەیمانیەتییەکە دڵنیاکردنەوەی هاووڵاتییانی سوننەیە کە بریتییە لە گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیان و ئازادکردنی گیراوانیانە کە بەبێ تاوان گیراون.

زیاتر گوتی، هەروەها هاوپەیمانیەتییەکە داوای کاتی زیاتری کردووە بۆ وتوێژکردنی پڕۆژەکە لە نێوان خۆیاندا و دەرچون بە یەکهەڵوێست لە بەرامبەری و ئاماژەی کرد کە یەکێک لە داواکارییە گرنگەکانیان بوونی مسۆگەری نێودەوڵەتییە بۆ هەر چاودێریکردن و جێبەجێکردنی هەر رێککەوتنێکە.

ئەمڕۆ سێشەم رێزان شێخ دلێر پەرلەمانتاری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق پڕۆژە چاکسازییەکەی هاوپەیمانی نیشتمانی بە بێسوود وەسف کرد و دووپاتی کردەوە کە ئەو کۆکییەی کە ئێستە لە نێوان هێزە سیاسییەکان هەیە دوای هەڵبژاردنەکان بەهۆی ململانێ لەسەر دابەشکردنی پۆست بۆ ناکۆکی دەگۆڕێت.

دوێنێ شاندێکی باڵای هاوپەیمانی نیشتیمانی (شیعە) بەسەرۆکایەتی عەمار حەکیم سەردانی ماڵی سەلیم جبووری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیان لە بەغدا کرد و لەگەڵ نوێنەرانی سوننە بۆ تاوتوێکردنی پڕۆژە ئاشتەواییەکەی حەکیم کۆبوونەوە، ئەو پڕۆژەی لە تشرینی یەکەمی رابردوو هاتە راگەیاندن.

سەرچاوە: شەفەق نیوز، سکای پرێس


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل