لە كوبا دانانی پەیكەری فیدڵ كاسترۆ قەدەغە كرا

:: PM:04:38:28/12/2016 ‌

پەرلەمانی كوبا لە چوارچێوەی یاسایەكدا دانانی پەیكەری فیدڵ كاسترۆ رێبەری كۆچكردووی ئەو وڵاتە لەسەر شەقامەكان یان ناودێركردنی شەقامەكان و شوێنە گشتییەكان بە ناوی ئەوی قەدەغە كرد.

بەرپرسانی كوبا دەڵێن ئەوەی پەرلەمانی كوبا كردوویەتی، جێبەجێكردنی ویستی فیدڵ كاسترۆ خۆیەتی، چونكە نیگەرانی ئەوەبوو دوای مردنی زێدەڕۆیی لە گەورەتركردنی كەسایەتیی ئەودا بكرێت.

هاوكات رەخنەگرانی كاسترۆ دەڵێن ئەو ویستەی سەرۆكی كۆچكردووی كوبا، پێچەوانەی ئەو شتانەیە لەو وڵاتە روو دەدات، چونكە كاتێك خۆیشی زیندوو بوو بە هەزاران پۆستەر كە گوتەی ئەوەیان لەسەر نووسرابوو، لە شوێنە گشتییەكان هەڵواسرابوون.

لە میانەی تاوتوێكردنی پڕۆژەكە رائول كاسترۆ سەرۆك كۆماری ئێستەی كوبا و برای فیدڵ كاسترۆ  گوتی، "گیانی خەباتگێڕی كاسترۆ بۆ هەتاهەتایە لە نێو دڵ و گیانی هەموو شۆڕشگێڕاندا دەمێنێتەوە و باشترین پاداشت بۆ ئەو رێبەرە، ئەوەیە درێژە بە رێبازەكەی بدرێت."

یاسا نوێیەكە رێگر نییە لەوەی هونەرمەندان لە ناوی فیدڵ كاسترۆ بۆ داهێنان یان بەرهەمهێنانی ئاواز، فیلمی سینەما، سەما و هونەرەكانی تر سوود وەربگرن و وێنەكانیشی هێشتا لە دامەزراوە حكوومییەكان هەڵواسراون.

كاسترۆ ساڵی ١٩٥٩ رێبەرایەتی بزووتنەوەیەكی شۆڕشگێڕانەی كرد و توانی حكوومەتی ئەوكاتی كوبا بڕووخێنێت و تا ساڵی ٢٠٠٨ لە لووتكەی دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، لەو ساڵەدا  هەموو دەسەڵاتەكانی بە براكەی سپارد. ئەو بۆ ماوەی نزیكەی ٦٠ ساڵ لە ژێر ناوی جیاوازی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران رێبەرایەتی كوبای كرد و ئەمساڵ لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.

سەرچاوە/بی بی سی



وشە - سلێمان تاشان