پێدانی کارەبای موەلیدە لە دهۆک کەم دەبێتەوە

:: PM:07:41:28/12/2016 ‌
دوای ئەوەی لیژنەی موەلیدەکان لە پارێزگای دهۆک بریاری دا کە بۆ مانگی کانوونی یەکەم بڕی 16 هەزار 500 دینار لە هاووڵاتییان وەربگیرێت و ئەوەش بووە هۆی نارەزایی خەڵکی شارەکە، پارێزگاری دهۆک هاتە دەنگ و بریارێک لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان دەر دەکات، بەرپرسێکی موەلیدە ئەهلییەکانیش دەڵێت کە پێدانی کارەبا کەمتر دەبێتەوە.

ئەکرەم بەرواری لە راگەیاندنی پارێزگاری دهۆک بۆ "وشە" گوتی، دوای ئەوە کە لیژنەی موەلیدەکان بەهای کارەبای بۆ مانگی کانوونی یەکەم دیاری کرد، هاووڵاتییانی دهۆک نارەزاییان دەبری و داوایان کرد کە بەهای کارەبای ئەوانیش وەک پارێزگاکانی تری هەرێمی کوردستان بێت، بۆیە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم پارێزگاری دهۆک بریاری دا کە بەهای کارەبای موەلیدەکان وەک بەهای کارەبای هەولێر و سلێمانی و ناوچەکانی تری کوردستانی لێ بێت.

ڤەهێل ناجی ئەندامی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکان لە پارێزگای دهۆک لەو بارەوە بە "وشە"ی راگەیاند کە بەهۆی کەمبوونەوەی سعاتەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی لە سنووری پارێزگای دهۆک کە مانگی کانوونی یەکەم 18 سعات کارەبای موەلیدە بە هاووڵاتییان دراوە و ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی کە بەهای کارەبای موەلیدە لە چاو ناوچەکانی تری کوردستان بەرزتر بێت.

زیاتر گوتی، بۆ ئەم مانگە بەهای کارەبای موەلیدە 16 هەزار 500 دینار بووە، وێڕای ئەوە کە پارێزگاری دهۆک بریار لەبارەی بەهای کارەبای موەلیدە داوە، بەڵام ئەم مانگە کارەبا بە هاووڵاتییان دراوە و دەبێت ئەو پارەیە بۆ ئەم مانگە هەر بدرێت کە 16 هەزار 500 دینارە و رازی نین لەو بەهایە کەمتر بدرێت.

ناجی ئاماژەی کرد کە بڕیاری پارێزگار لە بەرژەوەندی هاووڵاتییاندا نییە، چونکە وا دەکات کە سعاتەکانی کارەبای موەلیدە لە دهۆک کەم بێتەوە کە بەپێی بڕیاری پارێزگاری دهۆک دەبێت کارەبای دهۆکیش وەک هەولێر و سلێمانی بێت کە ئەویش کەمکردنەوەی کارەبای موەلیدەیە لە 18 سعات بو هەشت سەعات کە ئەوەش زۆر کەمە.

ئاماژەی کرد کە دەمەوێ ئەوە بڵێم کە کارەبای موەلیدە لە دهۆک کەمترین بەهای هەیە لە هەموو کوردستان، چونکە ناوچەکانی تر بۆ یەک سعات ئەمپێری دوو هەزار دینار وەردەگرن، کەچی لە دهۆک هەزار 300 دینار وەردەگیرێت.

ئەندامی لیژنەی موەلیدەکان لە پارێزگای دهۆک راشی گەیاند کە بۆ سووککردنی بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتییان، ئەوان دەتوانن 16 هەزار 500 دینار بدەن و دەشتوانن 15 هەزار دینار بدەن و ئەو هەزار و 500 دینارە مانگێکی تر بدەن، کە کەمتر کارەبای موەلیدە بە ئەوان دەدرێت.

سەفەر تەیب بەڕێوەبەری گشتی کارەبای دهۆک بە "وشە"ی گوت، کارەبای نیشتمانی لە هەموو هەرێمی کوردستان بە تۆڕێکەوە بەستراوەتەووە و هەموو شارێک وەک یەک کارەبا وەردەگرێت، بەڵام پێم وایە کە جیاوازی لە ڤوڵتییە هەیە بە تایبەتی لە دهۆک، چونکە رێژەیەکی زۆری کارەبای دهۆک بو ئاوارەکان دەچێت.

دووپاتی کردەوە کە ئێستە بەشێوەیەکی بەردەوام لە چەند کاتێکی جیاوازدا حەوت بو هەشت سعات کارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتییان دەدرێت، وێڕای ئەوە ئەم رێژەیە زور کەمە، بەڵام هەوڵ دەدرێت دۆخی کارەبا باشتر بکرێت و لەمبارەیەوە هەماهەنگی زور لەگەڵ وەزارەتی کارەبا هەیە و گەشبینین کە کارەبا باشتر بێت.

لە سنووری پارێزگای دهۆک هەزار 50 موەلیدەی ئەهلی و بازرگانی هەن و لەوانەش 470 موەلیدە دەکەونە سەنتەری شاری دهۆک و بڕیاری لیژنەی موەلیدەکان بۆ بەرزبوونەوەی بەهای کارەبا تەنیا بۆ سەنتەری شاری دهۆک و زاخو و سێمێلە.

دهۆک- نەوزاد هلۆری


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل