لە 2019 جەنگ لە سێ وڵاتی رۆژهەڵاتی روو دەدات

:: AM:09:48:12/02/2019 ‌
بەپێی راپۆرتی میونخ بۆ تەناهیی 2019، وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كڕینی چەكیان دوو هێندە كردووە، ئەگەری هەیە لە عێراق یان یەمەن یان وڵاتێكی تری كەنداو ئەمساڵ شەڕ هەڵبگیرسێت.

لووتكەی میونخ كە بڕیارە لە 15- 17ی ئەم مانگە لە هەرێمی باڤاریان لە ئەڵمانیا بەڕێوە بچێت و لووتكەیەكی ساڵانەیە و تایبەتە بە دۆخی تەناهی نێودەوڵەتی و هەڵسەنگاندن بۆ رابردوو و قسەكردن لەسەر داهاتوو، ئاماژە بەوە دەدات ئەگەری زۆرە عێراق یان یەمەن یان هەر وڵاتێكی تری كەنداو ببێتە گۆڕەپانی شەڕی بە وەكالەت لە نێوان بەرەی ئەمەریكا، ئیسرائیل و سعوودیە لە دژی ئێران، ئەمەش لە 2019 روو دەدات.

لە راپۆرتەكەدا كە میدیاكانی ئەڵمانیا بڵاویان كردووەتەوە، باس لەوەش كراوە كە كڕینی چەك لەلایەن وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە 2013 تا 2017 دوو هێند زیادی كردووە.

لە بارەی دۆخی سووریاش، ئاماژە بەوە دراوە كە یەكێتیی ئەوروپا هیچ رۆڵێكی نییە لە سووریا بەتایبەت دوای بڕیاری كشانەوەی ئەمەریكا لەو وڵاتە، بەڵكو هەریەكە لە رووسیا، ئێران و توركیا رۆڵی گەورە لە سووریا دەبینین، بەڵام ئەگەر سەقامگیری سیستەمی تێك بچێت ئەوا وڵاتانی ئەوروپا وەك ئەڵمانیا، فڕەنسا و بەریتانیا رۆڵ دەبینین بۆ سەقامگیركردنی سیستەمی جیهانی.

لووتكەی میونخ لە 15-17ی ئەم مانگە لە ئەڵمانیا بەڕێوە دەچێت بە بەشداری سەرۆك و وەزیرانی بەرگری 80 وڵات.



وشە - فه‌رمان سادق