گومان لەسەر پارە دزراوەکەی سلێمانی دروست دەبێت

:: AM:10:19:14/03/2019 ‌


دوای دزینی پارەی پزیشك و فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی سلێمانی، ئێستە گومان لەو پارەیە دروست بووە كە ئەو بڕە پارەیە چی دەكرد لە بانك كە مانگێك زیاتر ماوەتەوە و ڕێكەوتی لەسەرە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 14ـی ئادار، دوای دۆزینەوەی پارەی فەرمانبەر و پزیشكانی نەخۆشخانەی شار، لای ڕۆژنامەنووسان و هاووڵاتییان گومان لەو دزییە و دۆزینەوەكەشی دەكرێت.

بەشێك لە ڕۆژنامەنووسان گومانەكانیان لەوەیە، ئەو پارەیە بەشێك ڕێكەوتی هاتنی بۆ بانكەكان لە مانگی یەك و سەرەتای مانگی دووە و پرسیاریان كردووە "12ی مانگی ئادار مووچەرەوانە كرا ئینجا دزرا، ئەو مێژووە چییە 4/2/2019".

بەشێك لە هاووڵاتییانیش نووسیویانە باشە ئەگەر ئەو پارەیە لە بانكە، بۆچی دابەش نەكراوە لە كاتێكدا لە زۆر لە فەرمانگە و نەخۆشخانەكان كێشەی نەبوونی دەرمان هەیە و فەرمانبەرانیش بەدەست بێ‌ پارەییەوە دەناڵێنن.

هاوكات دوێنێ‌ سەرۆكی عەشیرەتێكی سلێمانی رای دەگەیەنێت، خەڵكی كوردستان و سلێمانی باش دەزانن كێ لەو سنوورە لە پشتی دروستكردنی باند و دزین و تاڵانكردن و پیاو كوشتنەوەن.

عەشیرەتی غەوارە لە ‏‎ڕوونكردنەوەیەك بۆ ڕای گشتیی هاتووە، ‏‎بەداخەوە وەك پیشەی هەمیشەیی ناحەزانمان و چاو هەڵنەهاتنی دوژمنانمان بە بوونی بنەماڵەكەمان، جارێكی تر لە لایەن هەندێك پەیج و ئەكاونتی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كەوتینە بەر شاڵاوی ناشیرینكردن و ناو زڕاندنمان و تۆمەت باركردنمان بە دزینی پارەی مووچەی كارمەندانی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی كە گوایە كوڕانی ئێمە هەستابن بەو كارە نابەجێ و قێزەونە.

شاهۆ خالید سەرۆكی عەشیرەتی غەوارە لە ڕوونكردنەوەكە ئاشكرای كردووە، من لێرەوە بە هەموو دۆستان و خزمان لە سەرانسەری كوردستان ڕادەگەیەنم، ئەم جۆرە بڵاو كردنەوانە جگە لەوەی بەشێكە لەو تیرۆرە فكرییەی كە لەم ناوچەیە لەسەر هەموو ئەندامێك و لایەنگرێكی پارتی هەیە، هیچی تر نییە و دوورە لە ڕاستی، بە هیچ جۆرێك ئەو كەسانەی گیراون هیچ پێوەندییەكی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆیان بە ئێمەوە نییە.

‏‎ئاماژەی داوە، خەڵكی كوردستان بە گشتی و پارێزگای سلێمانی بە تایبەتی زۆر لەوە وشیارترن و باش دەزانن كێ لەم سنوورە لە پشتی دروستكردنی باند و دزین و تاڵانكردن و پیاو كوشتنە، ئایا ئێمە و بنەماڵەكەمان و عەشیرەتەكەمانین یان ئەوانەن كە لە پشتی دروستكردنی ئەم تۆمەتە ناشیرین و ناڕەوایانەن.

ئەو سەرۆك عەشیرەتە بەبێ ئەوەی ناوی هیچ باڵ و بەرپرسێكی ناو سلێمانی بهێنێت، ئەستۆپاكی بنەماڵەكەیانی لەو رووداوی دزینە راگەیاند و بە پلانێكی سیاسیی وەسفی كرد.



وشە - رامیار جەواد