میسی و رۆناڵدۆ ركابەری لەسەر باشترین یاریزان دەكەن

:: PM:12:14:14/03/2019 ‌

یەكەتیی تۆپی پێی ئەوروپا (یوفا) ناوی ئەو یاریزانانەی ئاشكرا كرد كە پاڵێوراون بۆ دیاریكردنی باشترین یاریزان لە یارییەكانی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا كە شەوی رابردوو كۆتایی هات.

ماڵپەڕی (یوفا) ناوی ئەو یاریزانانەی ئاشكرا كرد كە پاڵێوراون بۆ ناسناوی باشترین یاریزانی قۆناغی 16 كە ئەوانیش برێتین لە: كریستیانۆ رۆناڵدۆی پورتوگالی لە یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی، لیرۆی سانی ئەڵمانی لە یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزی، سادیۆ مانێ سەنیگالی لە یانەی لێڤەرپوولی ئینگلیزی، لەگەڵ لیۆنێل میسی ئەرجەنتینی لە یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی.

رۆناڵدۆ یاریی گەڕانەوەی قۆناغی 16 بەرامبەر یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید ئاستێكی ناوازەی پێشكەش كرد و 3 گۆڵ (هاتریك)ی تۆمار كرد، سانی یاریزانی باڵی چەپی یانەی مانچستەر سیتی گۆڵێكی تۆمار كرد و 3 گۆڵی تریشی لە یارییەكەی بەرامبەر یانەی شالكە بۆ هاوڕێكانی دروست كرد.

سادیۆ مانێ لە یارییەكەی شەوی رابردوو بەرامبەر یانەی بایرن میونشن 2 گۆڵی تۆمار كرد، میسیش شەوی رابردوو 2 گۆڵی بەرامبەر یانەی لیۆنی فڕەنسی تۆمار كرد و 2 گۆڵی تریشی بۆ هاوڕێكان دروست كرد.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م