چیرۆکی ژنێکی هەڵەبجەیی لە کاتی کیمیابارانەکەدا

:: PM:03:44:16/03/2019 ‌

بەدیعە سەعید ڕەمەزان، یەکێک لەو ژنە هەڵەبجەییانەی کە لە کاتی کیمیابارانەکە لە هەڵەبجە بووە، دوای ململانێ لەگەڵ مان و نەمان، خۆی و کۆرپەلەکەی رزگار دەکات. ڕزگاربوون لە بۆردمانێکی چڕ و بۆنی سێوێکی خۆش کە بە هەڵمژینی بەرەو مەرگێکی تاڵی بردوون، ڕیگایەکی سەخت و ناخۆشی بڕیووە، بەدیعە بیرەوەریە تاڵەکانی نووسیوەتەوە بۆ ئەوەی هەمیشە و لەدوای خۆشی بە زیندویی بمێننەوە، چیرۆکی دەرباز بوونی بەتەنیایی لەو ڕۆژە سەختەدا بۆ "وشە" دەگێڕێتەوە و ئەو ڕۆژە بە ڕۆژی حەشری کوردانی هەڵەبجە ناو دەبات.

بەدیعە لەدایکبووی ساڵی 1967ە، سالێک پێش کیمیا بارانی هەڵەبجە هاوسەرگیری لەگەڵ پێشمەرگەیەک دەکات بەناوی "نەوزاد عومەر" دەڵێت تەنها  چوار مانگی سەرەتا هاوسەرەکەی بینیوە، دواتر تا ساڵێک و دوومانگ نەیبینیوەتەوە، ئەوکاتەی هەڵەبجە کیمیا باران دەکرێت بەدیعە لەمانگی پێنجەمی دووگیانیدا دەبێت و هاوسەرەکەشی لە شاخ بووە، لەگەڵ ماڵی خەسوی هەفتەیەک لەژێر بۆردوومانی بەردەوام دەمێنێتەوە  تاوەکو ڕۆژی کیمیا بارانەکە، لەو ڕۆژەدا لەگەڵ چەند کەسێکی تر هەوڵی خۆدەربازکردن دەدەن.

بەدیعە کاتێک باسی سەختییەکانی ئەو ڕۆژە دەکات فرمێسکەکانی ناوەستن و بەدەم گریانەوە دەلیت، هەزاران کەسی بێتاوان کوژران و گۆڕیشیان بۆ دروست نەکرا، ڕۆژی حەشر بوو، منداڵ و دایک یەکیان نەدەگرتەوە، حەوت ڕۆژ لەو ژێرزەمین بۆ ئەو ژێرزەمین ڕامان دەکرد، دواتر لە ڕۆژی 16ی ئادار دوو بۆ سێ جۆر بۆنی ڕشت، کیمایی بوو کە بۆنی وەکو سێوبوو، ئێمە چوینە ناو "گەوڕ" بۆ ئەوەی بەبۆنەکە نەمرین، دواتر بۆدەوری ئێوارە لە هەڵەبجە دەرچووین بەرەو "کۆچەک" لەوێڕا بەرەو "باتۆمی و چنار" بەڕێکەوتین، دواتر گەیشتینە دەم رووباریک، پێیان گوتین ئێرە سنوورە، لەوی پاسداری ئێرانی بەهانامان هاتن، پەڕاندیانینەوە، دواتر بە مەنشەئە بردیانین بۆ ئۆردوگایەک پێیان دەگوت "ئۆردوگای کامەران" .

لەباسی سەختی و دژواری ڕیگەکەدا بەدیعە گوتی ، ئەوەی لەو ڕیگەیە بینیمان کوێربوون خۆشترە لەو جۆرە بینینە، بەسەر جەستەی خزم و درواسێ و هاوڕێی خۆت بازت دەدا، دایک منداڵی فڕێ دەدا، ژن ومێرد لەیەک ون دەبوون، من سکم پێنج مناگ بوو هیچ کەسم لەخێزانی خۆم لەگەڵ نەبوو تەنیا خەزورم نەبێ، نەمدەزانی کێ ماوە و کێ مردووە، ئەو خەڵکە بەگشتی لە بارودۆخێک بووین مردنمان بۆخۆمان دەخواست و لەهەمان کات لەمردن ڕامان دەکرد.

"ئۆردوگای کامەران" کۆتا شوێنمان نەبوو، لەوێ خستایاننیە ناو شەمەندەفەرێک، سێ شەو و ڕۆژ وەک ئاژەڵ لەناو شەمەندەفەرەکەدا بووین تا گەیاندیانینە سنووری ئەفغانستان. لەوێ خێمەیان داینێ و گوتیان نانتان بۆ دەهێنین، هاوکاریان کردین، بەڵام شوێنەکە هی مانەوە نەبوو، من لەوێ لەبەر پیسی هەواکە و گەرمی شوێنەکە نەخۆشکەوتم، خەریبوو خۆم و کۆرپەکەم بمرین، بۆیە دوای ١٥ ڕۆژ دووبارە لەگەڵ خەزوورم سێ ڕۆژی ناو شەمەندەفەرمان بڕی و گەڕاینەوە بۆ ئۆردوگای "سەریاس" لە نزیک پاوە، ئەوێ شوێنیکی باشبوو ڕووبارێک بەلای ئۆردووگاکەدا تیدەپەڕی و فێنکایی بۆ دروست کردبوو، من تەنیا دڵم بەو ڕووبارە خۆش بوو.

دوور لە خێزانەکەی و هاوسەرەکەی بەدیعە یەکەم منداڵی لەدایک دەبێت، ناوی دەنێت "ڕووبار" و وەک دەگێڕیتەوە، دوای سێ مانگ مانەوە لە "سەریاس" کچەکەم لەدایک بوو لە بێکەسی و لە ناخۆشترین بارودۆخ یەکەم خۆشی ژیانمم لەباوەش گرت، لە خۆشی ئەو ڕووبارەی کە فێنکی بۆ ئۆردوگاکە دروست کردبوو ناوی کچەکەمم نا "ڕووبار" بۆئەوەی تاڵایی ئەو ژیانە و فێنکایی ئەو ڕەحمەی خوام بیر نەچی.

مانگێک دوای لەدایکبوونی کچەکەی، بەدیعە لەگەل چەند ماڵێکی هەڵەبجەیی بڕیار دەدەن بگەڕێنەوە بۆ شارەکەیان، بەڵام کاتێک دەگەنە وە لە لایەن بەعسیەکانەوە دەگیرێن.
وەک ئاماژەی پێ دەدات، لەگەل چەند ماڵێک گەراینەوە بۆ تەوێڵە و بیارە، لەوێ جەماعەتی بەعس گرتیانین و بە سواری زیلێک بردیانینە تەواریەکەی سلێامانی، پێنج ڕۆژ لەژێر لێکۆڵینەوە ماینەوە، هاوسەرەکەم پێشمەرگە بوو، ئەگەر بیانزانیایە خۆم و منداڵەکەشمیان هەنجن هەنجن دەکرد، بەوانم دەگوت هاوسەرەکەم مردووە، لەڕاستیشدا تا ئەوکاتە نەمدەزانی ماوە یان مردووە،  ئەویش بە هەمان شێوە هیچ هەواڵێکی ئمەی نەبوو.

هەر هاوسەرەکەم نا ماڵی باوکیشم دوای چەند هەفتەیەک لە کیمیابارانەکەی هەڵەبجە  پرسەیان بۆ دانابووم، لەلای هەمووان من مردبووم، منیش هەواڵم لە مانی کەس نەبوو، تەنیا خۆم و کچەکەم لەناو قۆنداغەیەکدا و هیچی تر، دوای پێنج ڕۆژ لە لێکۆڵینەوە بە سواری مەنشەئەیەک بردیانین، دوو ڕۆژ لە ڕیگە ژن و پیاو پیر و گەنج و مندال تێکەڵ کرابوین، گەیشتینە بیابانێک، پێیان گوتین سعودیەیە دواتر لەوێش ڕۆشتین و لە گرتوخانەیەک بە تێکەڵی فڕێیان داین، دوای ماوەیەک زانیمان لە "نوگرە سەلمانین".

باسی گرتوخانەی نوگرەسەلمان دەکات کە ماوەی پێنج مانگ لەگەڵ سەدان هەڵەبجەیی دیکەدا گیرابوون و سەدان هەڵەبجەییشی تێدا شەهید بوون، بە تێکەڵی لەناو گرتوخانەکە بووین، من و کچەکەم کە هێشتا چەند مانگێک بوو بەتەنیا بووین، ناخۆشترین کارەسات لەو گرتووخانەیە کە ڕوویدا بێ لە ئەشکەنجە و ئازار، ئەو دەردە بوو کە بەهۆی پیسی ئاوەکەوە ڕووی تێکردین، توشی سکچوون و ڕشانەوەی کردین، هەموو ڕۆژێ دە کەس زیاتر دەمردن، وامان لێهاتبوو نەماندەتوانی ئاویش بخۆین، ژن منداڵی دەبوو، هەر لەوێ جلوبەرگی خۆمان دەدایە، پیاو دەمرد، منداڵ لەباوەشی دایکی دەمرد، دیمەنێکە هەزار کتێب و فلمی سینەمای وێنای ناکات، ئەوە تەنیا لە مێشکو خەیاڵی خۆمان دەمێنێتەوە کە بینیومانە.

بەدیعە لەلای خانەوادەی خۆی وهاوسەرەکەی بە مردوو هەژمار کراوە، هەربۆیە هیچ کەس سەردانی نەکردووە لە "نوگرە سەلمان" بەڵام دوای ئازادبوونیان لە دوای لێبوردنی گشی لە 11/5/1989 دەگەڕێتەوە ناو خانەوادەکەی و باسی یەکەم بینی دایکی دەکات.

لەدوای لێبووردنە گشتییەکە هەموومانیان هێنایەوە بۆ شوێنێکی نزیک "بازیان" پێیان دەگوت "باینجان" لەوێ هەمووکەس چاوەڕێبوون، خانەوادەکەشم بۆ سۆراخی کەسوکاریان هاتبوون نەک بۆ من، لەوێ منیان بینی، دایکم کە یەکمجار منی بینی هەردوو قاچی وشکبوو، ڕۆژێکبوو قەت وەسف ناکرێ، ئەوەندە کەسەی مابووین چوینەوە سەر وێرانە و نیوە ژیان و منیش دوای ساڵیک و دوومانگ هاوسەرەکەم بینییەوە، ئەوە تەنیا چیرۆکی من نیە، هەموو هەڵەبجەییەک زۆر لەوە زیاتری چەشتووە.

هەڵەبجە/ئیڤان عەبدولڕەحمان




وشە - هیدایه‌ت جان