کەشوهەوا کارەبای نیشتمانی زیاد دەکات

:: AM:10:03:18/03/2019 ‌
بەرپرسێكی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، لە چەند ڕۆژی داهاتوو ئەگەر كەشوهەوا خۆش بێت، ئەوا پێدانی كارەبای نیشتمانی زیاتر دەبێت.

ئەمڕۆ دووشەم 18ـی ئادار، حەمەدەمین هەورامی گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، كەشوهەوا تا ئێستە بۆ ئەمساڵ باراناوی و ساردە و لە چەند ناوچەیەك بەفر دەبارێت، بۆیە بەكارهێنانی كارەبا بۆ خۆ گەرمكردنەوە بەردەوامە و كارەبایەكی زۆر لەلایەن هاووڵاتییەوە بەكار دەهێنرێت.

گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا گوتی، پێشبینی دەكرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوو كەشوهەوا بگۆڕێت بەو هۆیەشەوە بەكارهێنانی كارەبا بۆ خۆ گەرمكردنەوە كەم دەبێتەوە و پێدانی كارەبای نیشتمانی زیاتر دەبێت، بەڵام بە تەواوەتی ناتوانرێت دیاری بكرێت چەند سەعات كارەبا دەدرێت.

ئاشكرای كرد، پێدانی كارەبا لە ڕۆژانی داهاتوو زیاتر دەبێت بەشێوەیەك هاووڵاتی هەست ناكات كە كارەبای نیشتمانی دەبڕێت، ئەگەر هاووڵاتییان زیادەڕۆیی لە بەكارهێنانی كارەبا نەكەن و هیچ كێشەیەك بۆ ستوونەكانی كارەبا دروست نەبێت.

ساڵانە لە وەزری بەهاردا بەهۆی كەمبوونەوەی خواست لە بەركاهێنانی كارەبای نیشتمانی پێدانی زیاتر دەبێت بە هاووڵاتییان.



وشە - رامیار جەواد