گۆڕان لەسەر داواكردنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم لەلایەن یەكێتییەوە هاتە دەنگ

:: PM:05:57:18/03/2019 ‌


بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر داواكردنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم لەلایەن یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە هاتە دەنگ و ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی ڕوونكردنەوە دەدات.

ئەمڕۆ دووشەم 18ی ئادار، چالاك موهەندیس ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆران بە "وشە"ی راگەیاند، كێشەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندایە لەسەر داواكارییەكانی لە كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم و پێوەندی بە گۆڕانەوە نییە.

زیاتر گوتی، وەك بزووتنەوەی گۆڕان رێككەوتنێكی سیاسیمان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجامداوە و بەپێی ئەو رێككەوتنە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بەر بزووتنەوەی گۆڕان كەوتووە، بۆیە ئەمە بەهیچ جۆرێك قابیلی مامەڵە لەسەركردن نییە.

بەرپرسەكەی گۆڕان ئاماژەی بەوە كرد كە لە حاڵەتێكدا ئەگەر یەكێتی سوور بێت لەسەر داواكردنی ئەو پۆستە لەبەرانبەردا دەبێت پۆستێك بدرێتە گۆران كە بۆمان لە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم گرنگتر بێت، ئەگەرنا بە هیچ جۆرێك مامەڵە لەسەر پۆستەكانمان ناكەین".

یەكێتی لەدوای واژووكردنی رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بەهۆی كێشەی ناوخۆییەوە داوای ژمارەیەكی زۆری پۆستی زیاتر لە پارتی دەكات، ئەمەیش پێكهێنانی حكوومەتی نوێی دواخستووە.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - سه‌رخێڵ هاشم