هێمای پایتەختی نەورۆز لە ئاكرێ‌ دادەنرێ‌

:: PM:12:08:20/03/2019 ‌

بڕیارە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێكدا پەردە لەسەر پەیكەری نەورۆز كە بۆ نەورۆزی ئاكرێ دروست كراوە لە دەروازەی سەرەكی ئاكرێ لاببرێ‌.

كاوە زوهێر بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەری ئاكرێ بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمساڵ چەند جیاوازییەكی نوێ لە نەورۆزی ئاكرێ كراون، لەوانە دانانی پەیكەرێك بۆ نەورۆزی ئاكرێ بۆ ئەوەی بەرگری لە ناسنامەی پایتەختی نەورۆز بكات.

زیاتر گوتی، ئەو پەیكەرە لەلایەن سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان بە هاوكاری كومپانیای MRF دروست كراوە، هونەرمەندی پەیكەرساز حەمید عەجیل نەخش و دیزاین و پەیكەرەكەی دروست كردووە، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێكدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆری بەرپرس و خەڵكی ئاكرێ پەردە لەسەر پەیكەرەكە هەڵدەدرێت.

بریارە سەعات سێی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ رێوڕەسمی هەڵگیرانی ئاگری نەورۆز بەڕێوە بچێت، دواتر سەعات پێنجی ئێوارە نێزیكەی هەزار مەشخەڵی ئاگر بە شێوەی پیادە بۆ سەر قەڵای ئاكرێ دەبرێت.

ئاكرێ/ نەوزاد هلۆری













وشە - سه‌رخێڵ هاشم