ئهمڕۆ ههینى 22ى ئادار، سەرپەرشتیاری پزیشكی كوشتارگەی سلێمانی ڕای گەیاند، لە ڕۆژانی نەورۆزدا نزیكەی 10 ھەزار سەر ئاژەڵی بچووك و گەورە سەربڕدراون.
شاڵاو عارف سەرپەرشتیاری پزیشكی كوشتارگەی سلێمانی ئەمڕۆ هەینی به ڕۆژنامهنووسانى ڕاگهیاند، "لە ماوەی پێنج ڕۆژدا لە كوشتارگەی سلێمانی ههشت هەزار و 993 سەر ئاژەڵی بچووك و 847 سەر ئاژەڵی گەورە سەربڕدراوە."
زیاتر گوتى، "پێنج تۆن و 300 كیلۆ گۆشتی خراپبوویش كە زیانی بۆ ھاووڵاتییان ھەبووە ڕەتكراوهتهوه و سوتێندراون، ههروهها 703 پارچەی ناولەشی ئاژەڵەكان كە زیانیان بۆ تەندروستی مرۆڤەكان ھەبووە لەناوبراون."
ڕوونیشى كردهوه كه لەسەر ئاستی پارێزگاكانی هەرێم، پارێزگای سلێمانی پلەی یەكەمی هەیە لە بەكارهێنانی گۆشتی سووردا، دهبێت بگوترێتیش كه ئەوان لە كوشتارگەكاندا دوو جۆر پشكنین بۆ ئاژەڵەكان دەكەن، پشكنینی پێش سەربڕین و پشكنینی دوای سەربڕینیش.
"دیاردەیەك لەسەر شەقامەكان بەدی دەكرێت و ئێستهیش بەردەوامی هەیە، كە ئەویش فڕۆشتنی گۆشتی سوورە بە نرخێكی هەرزانتر بە هاووڵاتییان، ئەو جۆرە گۆشتە لە پشكنینی تەندروستی پێش سەربڕین دەرناچێت و ئەوان ڕەتی دەكەنەوە و دواتر خاوەنەكەی بە نرخێكی هەرزانتر لە شەقامەكان دەیفڕۆشێت"، شاڵاو عارف سەرپەرشتیاری پزیشكی كوشتارگەی سلێمانی واى گوت.
له كۆتایدا گوتى، "ئەو جۆرە گۆشتانە ئەگەری ھەیە ھەڵگری كۆمەڵێك نەخۆشی بن كە زیانی زۆریان دەبێت بۆ تەندروستی مرۆڤ كە ئەمە ڕاستەوخۆ كاریگەرییەكانی دەردەكەوێت، بۆیه داوا لە تەواوی ھاووڵاتییان دەكهین كە ئەو گۆشتە نەكڕن و بەكاری نەھێنن، چونكە مەترسی زۆری تووشبونی بە چەندان نەخۆشی هەیە".