بەهۆی مەترسی لافاو پشوو لە قوتابخانەكان ڕاگەیەندرا

:: AM:08:43:25/03/2019 ‌
بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی كەلار پشووی فەرمی ڕاگەیاند و داواش لە هاووڵاتیان دەكات منداڵەكانیان بهێنەوە لە قوتابخانەكان.

ئەمڕۆ دووشەم 25ـی ئادار، لە ئاگادارییەكی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی كەلار هاتووە، بەڕاوێژ و ڕەزامەندی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان و قایمقامی كەلار دەوامی قوتابخانەكان كرایە پشوو.

لە بەشێكی ئاگەدارییەكە هاتووە، ئاگەداری سەرجەم قوتابخانەكانی سنووری پەروەردەكەمان دەكەین بەهۆی ئەم شەپۆلە باران بارینەوە ئەمڕۆ دووشەم پشوو دەبێت لە سەرجەم ناوەندەكانی خوێندنی سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكەمان.

پەروەردەی كەلار هۆشداری بە بەڕێوەبەری قوتابخانەكانیش داوە، كە پێویستە بەڕێوەبەری قوتابخانەكان چاوەڕوانی كەس و كاری ئەو منداڵانە بن كە ئێستە لە ناوەندەكانی خوێندن تاكو كەس و كاریان دێن بە شوێنیان.

دوێنێ‌ قایمقامییەتی شارۆكەی كەلار راگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و ڕای گەیاندووە، بە پێی پێشبینییەكانی كەشوهەوا لەمشەودا ئەگەری بارانبارینی بەهێز لە ئارادایە و بۆ ئەو مەبەستە داواتان لێ دەكەین ئاگاداربن بە تایبەتی ئەو خانووانەی دەكەونە سەر چەمی ڕووباری سیروان و هەروەها ئەو ماڵ و گەڕەك و ناوچانەی نزیكن لە ڕێڕەوی ئاوی لافاو و ناوچە نزماییەكانی دەوروبەری شارەكە. 

قایمقامیەتی كەلار دەڵێت، تیمە فریاگوزارییەكان لە هەموو لایەنە پێوەندیدارەكان لە ئامادەباشیدان و بۆ هەر حاڵەتێكی نەخوازراویش پێوەندی بكەن بەم ژمارە تەلەفونانەوە.. قایمقامیەتی كەلار. 07729969545، 07701573996. بەرگری شارستانی 115، پۆلیسی 104. شارەوانی 07701484231

ئەوە لەكاتێكدایە كە پێشتر بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كەشناسیی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاندبوو شەپۆلێكی بەفر  و باران ناوچەكانی كوردستان دەگرێتەوە.




وشە - رامیار جەواد