مەترسییەكانی شەكرەی دووگیانی بۆ سەر منداڵ

:: PM:07:06:17/04/2019 ‌


توێژینەوەیەكی نوێی كەنەدایی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ئەو ژنە دووگیانانەی تووشی شەكرەی دووگیانی دەبنەوە، زیاتر ئەگەری ئەوە هەیە منداڵەكانیان تووشی جۆری یەكەمی نەخۆشی شەكرە ببنەوە.
توێژینەوەكە لە سەنتەری تەندروستی لە زانكۆی ماكجیلی كەنەدی كراوە و و ئەنجامەكانی لە دوا ژمارەی بڵاوكراوەی زانستی "Canadian Medical Association Journal"، بڵاو كراوەتەوە و تیایدا توێژەران چاودێری 73 هەزار و 180 دایكیان كرد لەوانەی تووشی شەكرەی دووگیانی بوونە لە نێوان 1990-2012. 

ئەوان بۆیان دەركەوت كە رێژەی ئەو منداڵانەی لە دایكی تووشبوو بە شەكرەی دووگیان لەدایك بوونە بۆ هەر هەزار منداڵ رێژەكە 4.5 بووە، لەو كاتەی رێژەكە لەو دایكانەی شەكرەی دووگیانیان نەبووە گەیشتووەتە 2.4.

كابری داسجوبتا، پزیشك و سەرۆكی تیمی توێژینەوە دەڵێت، توێژینەوەكە دەری دەخات كە شەكرەی دووگیانی رەنگە ئاماژەیەكی مەترسیدار بێت بۆ تووشبوونی منداڵ بە جۆری یەكەمی نەخۆشی شەكرە، بۆیە پێویستە دوای لەدایكبوون راستەوخۆ پشكنین بۆ ئەو منداڵانەی نیشانەكانی ئەو نەخۆشیەیان هەیە و دایكیان شەكرەی دووگیانیان هەیە، بكرێت بۆ خێراتر دۆزینەوەی نەخۆشییەكە و پێدانی چارەسەری پێویست پێیان. 

شەكرەی دووگیانی بریتییە لە تووشبوونی ژنی دووگیان بە بەرزبوونەوەی شەكری خوێنیان كە پێشتر نەخۆشییەكەیان نەبووە، بەوەش لەشیان ناتوانێت وەك پێویست شەكرەی ناو خوێنیان شی بكاتەوە و ئاستەكەی لە ئاستی سروشتی زیاتر دەبێت و ئاستی بەرزی شەكرەش ئەگەری تووشبوونی مرۆڤ بە نەخۆشییەكانی دڵ و كوێری و سستبوونی دەمارەكان و پەككەوتننی گورچیلە زیاتر دەكات. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل