دادگایی كردنی عومەر بەشیر دەستی پێ كرد

:: PM:03:41:20/04/2019 ‌
بڕیاری دادگایی كردن و لێكۆڵینەوەی لە عومەر بەشیر سەرۆكی دوورخراوەی سوودان بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە دەرچووە و داواكاری گشتیش دەڵێ، رێكاری یاسایی دژ بە بەشیر و سەركردەكانی رژێمی پێشوو گیراوەتە بەر.

ئەمڕۆ شەموو 20ی نیسان، سەرچاوەیەكی دادی لە داواكاری گشتی سوودان بە "رۆیتەرز"ی راگەیاندووە، داواكاری گشتی دوو تۆمەتی داوەتە پاڵ عومەر بەشیر بە سپیکردنەوەی پارە و گلدانەوە و حەشاردانی بڕێكی زۆری پارە بێ هیچ بەڵگەیەكی یاسایی.

دادگایی كردنی بەشیر لە كاتێكدایە هەر ئەمڕۆ شەش ملیار و 500 ملیۆن دۆلار لە ماڵەكەی سەرۆكی لە كار لادروای سوودان كە ئێستە لە بەندیخانەی كوپەر بەند كراوە، دۆزراوەتەوە.

بریكاری داواكاری گشتی كە لەلایەن ئەنجوومەنی سەربازی دامەزراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییەكانی سەرانی رژێمی پێشتر ، دەیەوێت بە پەلە لێكۆڵینەوەكانی پێوەند بە سپیكردنەوەی پارە و تۆمەتەكانی گەندەڵی دارایی كە دراونەتە پاڵ بەشیر و سەركردەكانی رژێمەكە تەواو بكات، پێش ئەوەی عومەر بەشیر بە فەرمی بدرێتە دادگا.

سەرچاوەكەی داواكاری گشتی سوودان، دەَڵێ، لێكۆڵینەوە تەنیا لەگەڵ بەشیر ناكرێت بەڵكو لەگەڵ تەواوی سەركردەكانی رژێمەكەی ئەنجام دەدرێت.

عومەر حەسن بەشیر ماوەی 30 ساڵ (1989-2019) سەرۆكی وڵاتەكەی و سەرۆكی پارتی كۆنگرەی نیشتمانی بووە. بە كودەتایەكی سەربازی لە 30 یۆنیۆی 1989 بووە سەرۆكی وڵات و هەر بە كودەتایەكی سەربازی لەكار لادرا.



وشە - فه‌رمان سادق