كۆمسیۆنی هەڵبژاردن: پارەی كارمەندانی سەر سندووقەكان دابەش دەكرێت

:: PM:10:57:21/04/2019 ‌

كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان تەواوی ڕێكارەكانی پێدانی پارەی كارمەندانی سەر سندووقەكانی دەنگدانی تەواو كردووە و 53 بانك لە سەرجەم شار و شارۆكەكانی هەرێمی كوردستان دیاری كراون و سەرۆكی كۆمسیۆنیش دووپاتی دەكاتەوە كە لە ماوەی هەفتەیەكدا پارەیان بۆ خەرج دەكەن.

هەندرێن محەمەد، سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ یەكشەم بە "وشە"ی ڕاگەیاند، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم تەواوی ڕێكارە كارگێڕٍی و هونەرییەكانی دابەشكردنی پارەی كارمەندانی سەر سندووقەكانی دەنگدانی تەواو كردووە و ئاسانكارییەكی زۆر كراوە بۆ ئەو كارمەندانەی كە پارەكە وەردەگرن.

زیاتر گوتی، بۆ ئەوەی كێشە لەناو كارمەندەكان و پشێوی لە بانكەكان دروست نەبێت، لە سەرجەم شار و شارۆكەكانی هەرێمی كوردستان 53 بانك دیاری كراون و پێویست ناكات كارمەندان لە ناوچەیەكەوە بچن بۆ ناوچەیەكی تر بۆ وەرگرتنی پارەكانیان و لەهەر شوێنێك بانك لێیان نزیك بێت لەوێ پارەكە وەردەگرن.

محەمەد دووپاتی كردەوە، بەڵێنی كۆتایمان وەرگرتووە لە بانكی بازرگانی لە ماوەی یەك هەفتەدا پارەكەمان بۆ خەرج بكەن و هەر كە پارەكە خەرج كرا لە یەكەم ڕۆژەوە دەست بە دابەشكردنی پارەكە دەكەین، چونكە كاری چەكی بانكیش تەواو كراوە و هیچ گرفتێك نییە چارەسەر نەكرابێت و ئامادەكاری تەواو كراوە.

سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن روونی كردەوە، بڕی ئەو پارەیەی كە وەزارەتی دارایی بۆمان خەرج دەكات، شەش ملیار دینارە و كارمەندە ئاساییەكان 150 هەزار دینار وەردەگرن و بەڕێوەبەری بنكە و وێستگەكان 200 هەزار دینار وەردەگرن.

شایەنی باسە هەرێمی كوردستان لە 30ی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە چوو تا ئێستە پارەی كارمەندانی سەر سندووقەكانی دەنگدان دابەش نەكراوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل