40%ی ئەمەریكییەكان پرخەپرخیان دێت هۆكارەكەی بزانە

:: PM:08:01:23/04/2019 ‌

ئێزگەیەكی ئەمەریكا ئاماژەی كرد كە 40%ی كەسانی پێگەیشتوو لەو وڵاتە بەدەست پرخەی شەوانە دەناڵێنن و پیاوان زیاتر لە ژنان حاڵەتەكەیان هەیە. 

ئیریك فۆیت پزیشكی لووت و قورگ و شارەزای نوستن لە زانكۆی نیویۆرك لە دیدارێكی ئێزگەی نیشتیمانی گشتیی ئەمەریكا "ئێن یس ئاڕ"، گوتی، پرخەپرخ پێوەندی بە نووستنی باشەوە نییە و وەك بەڵگەیەكیش دەتوانرێت خەوێكی قووڵت هەبێت بێ هیچ دەنگێك.

زیاتر گوتی، زۆرجار پرخەكردن زیانی نییە مەگەر بێزاركار نەبێت بۆ ئەو كەسەی لە نزیكتەوە خەوتووە و لە هەمان ژوور، بەڵام هەندێك كات دەكرێت ئاماژەیەك بێت بۆ حاڵەتێكی مەترسیدار كە یەكێك لەو هۆكارانەی دروستی دەكات زیادبوونی كێشی لەشە، بۆیە كاتێك كێشت دادەبەزێت پرخەپرخیشت كەم دەبێتەوە. هەروەها بوونی شێوان لە دیواری جیاكەرەوەی كوونەكانی لووت.

ئەو پزیشكە ئاماژەیە كرد كە پرخەپرخی یەك ئاست و دەنگ جێگیر مەترسی نییە، بەڵام پرخەپرخ بە دەنگی بەرز و بوونی بەرز و نزمی لە دەنگەكەی رەنگە ئاماژەیەك بێت بۆ وەستانی هەناسەدان لەكاتی نوستن كە حاڵەتێكی مەترسیدارە و مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ زیاتر دەكات.

هۆكارەكانی پرخەپرخكردن:
*كێشی زیادی لەش و قەڵەوی. 
*بوونی كێشە لە لووت یان هەستیاری و هەوكردنی لووت.
*نەنوستن بۆ ماوەیەكی گونجاو.
*نوستن بە شێوەیەكی هەڵە.
*وەستانی هەناسەدان لەكاتی نوستن.
*هۆكاری بۆماوەیی.
*هەوكردنی ئاڵووەكان.
*لە منداڵ بەهۆی هەوكردنی ئاڵووەكان و كۆئەندامی هەناسەدان روودەدات.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل