نەوەی نوێ هەڕەشەی ئابڕووبردن لە پەرلەمانتارانی دەکات

:: PM:01:43:24/04/2019 ‌
پەرلەمانتارێكی نەوەی نوێ‌ ئاشكرای دەكات، لەلایەن سەركردەكانی ئەو حزبە هەڕەشەی ئابڕووبردنمان لێكراوە و ئەگەر جوڵانەوەیەكی سیاسی بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ ئەندام و سەركردایەتییەكەی بكات، چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو كچە تازە پێگەیشتووانە دەكات سەردانیان دەكەن.

ئەمڕۆ چوارشەم 24ـی نیسان، شادی نەوزاد ئەندامی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، سەركردەكانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە بە بڵاوكردنەوەی گرتە ڤیدیۆ و تۆمەت و ڤیدیۆی دروستكراو، هەروەها ڤیدیۆیەكم بۆ نێردراوە و لەگەڵ نامەیەك، لەنامەكەدا نوسراوە چاوەڕوانی بڵاوكردنەوەی فیلمی ڕوتی خۆت بە.

ئەندامەكەی پەرلەمانی كوردستان گوتی، ئەگەر جوڵانەوەیەكی سیاسی بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ ئەندام و سەركردایەتیەكەی بكات، چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو كچە تازە پێگەیشتووانە دەكات كە ڕوو دەكەنە ئۆفیسەكانی باندەكەی شاسوار عەبدولواحید، بۆیە ئێمەش بەردەوامدەبین تا ڕووخانی دەسەڵاتێک كە لەژێر سایەیدا كەسانی لەمجۆرە گەشەیان كردووە.

دووپاتی دەکاتەوە،  لەناو كابینە و ڤێلاكانی گوندی ئەڵمانی كە شاسوار عەبدولواحید خاوەندارێتی دەكات كامێرای شاراوە دانراوە و گرتەی ڤیدیۆیی سەركردەكانی تۆمار كراوە، سكاڵای یاسایی لەسەر شاسوار عەبدولواحید تۆمار دەكەم.

زیاتر روونی دەکاتەوە، ئەگەر ئێستە بەمجۆرە مامەڵە لەگەڵ پەرلەمانتار و سەركردەكانی جوڵانەوەكە بكات، بەدڵنیاییەوە مامەڵەیەكی زۆر خراپ لەسەر كچان و ژنانی دیكەی‌ ئەندامانی جوڵانەوەكە دەكات، بۆیە ئەوەی دەگوزەرێت باندگەراییە، بەڵام ئەوان جوڵانەوەی نوێ نین و ئێمە دروستمان كردووە و بەردەوامیش دەبین.

لێدوانەکانی ئەو پەرلەمانتارە لە كاتێكە لە ماوەی ئەو هەفتەیە ئەندامانی ئەو حزبە لە پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی كوردستان دەستلەكاركێشانەوەیان ڕاگەیاندووە لە حزبەكەیان.



وشە - رامیار جەواد