مەسعوود حەیدەر: ئەو سەرلێشێواندنەی زۆنی فەوزا بوەستێنن

:: PM:03:27:25/04/2019 ‌

مەسعود حەیدەر ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەیامێكی بڵاو كردەوە و داوا دەكات ئەو سەر لێشێواندن و فەوزایەی هەیە بوەستێنرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 25ی نیسان مەسعوود حەیدەر ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەبێ‌ ناوهێنانی سلێمانی و زۆنی سەوز لە واڵی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك پەیامێكی بڵاوكردووەتەوە و ڕای گەیاندووە، ئەو سەرلێشێواندنەی زۆنی فەوزا بوەستێنن، ئەو خەڵكە تێكۆشەرەی دەڤەرەكە وەكو ناوچەكانی تری كوردستان شایەنی خزمەتە و پێویستە شەڕی بۆ بكرێت نەك شەڕی پێ بكرێت.

مەسعوود حەیدەر لە بەشێكی تری پەیامەكەیدا ڕای گەیاندووە، پێویستە ئەو زۆنە پاك بكرێتەوە لە ئیرهابی فكری.

ئەوە لەكاتێكدایە كە ماوەی دوو ڕۆژە لەلایەن نەوەی نوێوە جارێكی تر سلێمانی تووشی فەوزا كراوەتەوە بەوەی هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆی ئەو كەسانە دەكرێ‌ كە لە گوندی ئەڵمانی یان كابینە گەشتیارییەكانی چاڤی لاند ماونەتەوە، ئەو نهێنییەش كاتێك ئاشكرابوو كە لەلایەن شاسوار واحیدەوە هەڕەشە لە پەرلەمانتارێكی نەوەی نوێ‌ كراوە كە ئەگەر بێدەنگ نەبێ‌" فیلمی ڕووتی بڵاو دەكاتەوە".




وشە - سه‌رخێڵ هاشم