دۆسیەی خاوەن پشكەكانی چاڤی لەسەر شاسوار نوێ‌ دەكرێتەوە

:: PM:06:48:25/04/2019 ‌

خاوەن پشكەكانی چاڤی لاند باس لەوە دەكەن هیچ ئاسۆیەك نییە بۆ وەرگرتنی قازانجی پشكەكانمان و تا ئێستەیش پشكی دوو ساڵی رابردوویان دیار نییە.

خاوەن پشكەكان بەهۆی ئەوەی كێشەیان بۆ دروست دەكرێت لە لایەن كۆمپانیا و ئیدارەی چاڤی لاند ناتوانن بە ئازادی لە بارەی پشكەكانیان و گەیاندنی نارازەیەتییەكانیان لێدوان و قسە بكەن.

یەكێك لەو خاوەن پشكانەی كە بەشداری هەیە لە پرۆژەكە بە "وشە"ی گوتن هیچ زانیاریمان لەسەر پڕۆژەكە نییە و ئاگەداری داهاتوو و خەرجی و وردەكاریەكان نین.

ئەو خاوەن پشكەی چاڤی لاند بە یەك ملیۆن و 200 هەزار دینار بەشداری كردووە و دەڵێت، لە حەوت ساڵی رابردوو دوو جار قازانجمان وەرگرتووە جارێك 30 هەزار دینار بوو جارێكی تر 37 هەزار و لەگەڵ كارتێكی چونە ژوورەوەی پرۆژەكە كە بڕەكەی 30 هەزار بووە.

ڕوونیشی كردەوە كە لە ساڵی 2017 و 2018 كە دۆخەكە باشبووە و خەڵك سەردانی پرۆژەكەی كردووە لەو كاتەش هیچ قازانجی ئەو دوو ساڵە نەدراوە. هەروەك دووپاتی كردەوە كە دۆسیەی پشكەكانی چاڤی لاند لەسەر شاسوار نوێ‌ دەكەنەوە.

لای خۆیەوە هێمن محەمەد یەكێكی ترە لە خاوەن پشكەكان بە "وشە"ی راگەیاند، بە 10 ملیۆن دینار پشكی هەیە و تا ئێستەش پرسی خاوەن پشكەكان وەك خۆیان ماوەتەوە و ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە هیچ قازانجێك دابەش نەكراوە.

چاڤی لاند لەبناری شاخی گۆیژە دروستكراوە و ساڵی 2013 بە ڕووی گەشتیاران كراوەتەوە و دووجار قازانج بەسەر خاوەن پشكەكان دابەشكراوە و زیاتر لە نۆ هەزار پشك لە پرۆژەكە بەشدارە كە ئێستە لەلایەن شاسوار عەبدولواحید دەست بەسەر ئەو قازانجەدا گیراوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی




وشە - سه‌رخێڵ هاشم