میوە مزرەكان تەندروستیت باشتر دەكەن

:: PM:08:34:25/04/2019 ‌

میوە ترشەكان بەرێژەیەكی زۆر ڤیتامین سی تێدایە كە لەش دەپارێزێت لە سەرماو كۆكە و هەڵامەت، پێكهاتەی خۆراكی گرنگی تێدایە كە یارمەتی بەهێزكردنی لەش دەدەن و سیستەمی بەرگری باشتر دەكەن. ئەمانە چەند جۆرێكن لە میوە ترشەكان و سوود و گرنگیەكانیان بۆ لەش.

یەكەم: لیمۆ، پڕە لە دژەئۆكسید كە رێگە لە ئۆكساندنی چەوری دەگرێت، ئاستی كۆڵیسترۆڵی خراپ كەم دەكاتەوە و پەستانی خوێن ئاسایی دەكاتەوە. لیمۆ زۆر بەسوودە بۆ ئەو كەسانەی كە هەوكردنی قورگ و هەوكردنی گیرفانە هەواییەكانیان هەیە بەهۆی بوونی ڤیتامین سی زۆرەوە ئەم هەوكردنانە كەم دەكاتەوە، لیمۆ یارمەتی كەمكردنەوەی ئازاری لەش دەدات و باشە بۆ ئەو كەسانەی كە تووشی باداری دەبن یان هەوكردنی كۆئەندامی میز و توانایی كەمكردنەوەی بەردی گورچیلەی هەیە.

دووەم: لیمۆی سەوز، زۆر باشە بۆ ئەو كەسانەی كە تووشی سەرمایەكی زۆر دەبن، چونكە تارادەیەكی زۆر هەوكردنی ڤایرۆسی كەم دەكاتەوە وە رێرەوی لووت خاوێن دەكاتەوە، هەروەها خۆراكێكی نمونەییە بۆ نەخۆشییەكانی پووك بەهۆی بوونی ناوەرۆكی ڤیتامین سیەوە.

سێیەم: سندی، سندی بەهەمانشیوە یەكێكە لە میوە ترشەكان و توانایی لابردنی ژەهری لەشی هەیە بەهۆی بوونی ئەو ترشیەی كە تێیدایە. زۆر باشە بۆ ئەو كەسانەی تووشی فشاری دەروونی دەبن و یارمەتی چاكبوونەوەی خانەكان دەدات، شەربەتی سندی چارەسەرێكی باشە بۆ ئازاری ژانەسەر و گێژبوونی سەر.

چوارەم: پرتەقاڵ، تاكە میوەیە كە یارمەتی كەمكردنەوەی كێشی لەش دەدات بە رێژەیەكی زۆر، هەروەها میتابۆلیزم باشتر دەكات خانەی چەوری دەسوتێنێت و یارمەتی كردنە دەرەوەی ژەهری لەش دەدات و ریخۆڵەكان باشتر دەكات.

پێنجەم: لالەنگی، بەكارهێنانی لالەنگی زۆر باشە بۆ ئەو كەسانەی تووشی بای سگ دەبن یان قەبزی و سكچون، چونكە تامێكی ترشی هەیە بەڵام لە لەشدا تفت دەبن بۆیە وەكو دژەهەوكردنێك رۆڵ دەبینن.



وشە - ئاوات ئازاد