چارەسەری كێشەی تێكچوونی خەو لە مانگی رەمەزان

:: PM:04:43:08/05/2019 ‌

زۆر كەس بەهۆی گۆڕانی كاتی خەوتنیان لە مانگی رەمەزاندا بەهۆی درەنگ خەوتن یان زوو هەستانەوە بۆ پارشێوخواردن، تووشی شێوانی خەوتن هاتوونەتەوە و ئەوەش كار دەكاتە سەر رۆژی داهاتوویان، بەتایبەتی ئەوانەی فەرمانبەرن یان قوتابی، جیا لە كاریگەری بۆ سەر تەندروستیان و ئەوەش لەبەر چەند هۆكارێكەوە.

شارەزایان دەڵێن چەند هۆكارێك هەن دەبنە مایەی گۆڕانی كات و شێوازی خەوتن لە مانگی رەمەزاندا لەوانە بەهۆی گۆڕانی وادەی ژەمەكان كە ژەمی ئێوارە دەكەوێتە دوای بانگدان راستەوخۆ كە پێشتر رەنگە زووتر یان درەنگتر بخوورایە، هەروەها ژەمی پارشێو دەكەوێتە پێش بانگی بەیانی.

جیا لە دەست پێكردنی دەوام لە كاتی درەنگ لە بەیانی و زیادبوونی ئەرك و چالاكییە كۆمەڵایەتییەكان و كۆبوونەوەی خزم و برادەران، كە رەنگە بكەوێتە شەو و درەنگانی شەو، ئەوەش وا دەكات درەنگ بخەون یان دانیشتن تا خواردنی پارشێو. بۆیە هەموو ئەو هۆكارانە كار دەكەنە سەر شێوازی خەوتی ئاسایی رۆژووگران و كار دەكاتە سەر تەندروستی جەستەیی و دەروونیان، ئەوە ئەگەر هەوڵی رێكخستنی كاتی خەوتنیان نەدەن.

شێوانی خشتەی خەوتن دەبێتە هۆی لاوازیی بەئاگایی و هەستكردنی بەردەوام بە خەواڵویی و گۆڕانی میزاج و كاریش دەكاتە سەر توانای فێربوون و بیركردنەوە و بەگشتی وا دەكات بیرهاتنەوەی شتەكان زەحمەتتر بێت، بەتایبەتی بۆ قوتابیان.

چارەسەرەكە ئەوەیە لەو مانگەدا پارێزگای لە خەوتنێكی تەندروست بكەیت كە یارمەتیت بدات بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییە نەرێنییەكانی بەهۆی كەمخەوییەوە دووچاری دێیتەوە، بۆ گەیشتن بەوەش شارەزایان رێنوێنی دەدەن بە دووركەوتننەوە لەو شلەمەنیانەی كە مادەی كافایینی تیادایە بەر لە خەوتن، هەروەها سەعاتێك پێش چوونە سەر جێگە هیچ چالاكییەكی وەرزشی ئەنجام نەدرێت و دووركەوتننەوە لەو خۆراكانەی خەوزران دروست دەكەن لە ژەمی پارشێو و هەوڵیش بدرێت زوو بچیتە سەر جێگە و خۆت لەسەر خشتەی نوێ رابێنیت و قەرەبووی ئەو خەوە بكەیتەوە كە لەدەستت داوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل