ئەو پارەی بۆ مادەی 140 دانراوە تەنیا بەشی ئۆفیسەكان دەكات

:: PM:09:51:14/05/2019 ‌

 بەرپرسی ئۆفیسی مادەی 140 لە خانەقین ڕای گەیاند، پەرلەمانی عێراق بڕی 50 ملیار دیناری بۆ مادەی 140 تەرخان كردووە، بەڵام تا ئێستە یەك دینارمان بۆ خەرج نەكراوە و ئەگەر خەرجیش بكرێت تەنیا بەشی مووچەی كارمەندانی ئۆفیسەكان دەكات.

ئەمڕۆ سێشەم 14ی ئایار، عەدنان مەنسوور بەرپرسی ئۆفیسی مادەی 140 لە خانەقین بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ساڵانە پەرلەمانی عێراق پارە بۆ مادەی 140 تەرخان دەكات و یەك دیناریش حكوومەت خەرجی ناكات، بۆ ئەمساڵیش پەرلەمان 50 ملیار دیناری تەرخان كردووە و تا ئێستە یەك دینارمان بۆ خەرج نەكراوە.

زیاتر گوتی، پێشتر تەنیا سێ ئۆفیس هەبوو ئێستە بۆ 15 ئۆفیسی مادەی 140 زیاد كراوە و ئەمەیش بووەتە رێگری لەوەی بتواندرێت پەلە بكرێت لە خێرا جێ بەجێكردنی مادەی 140.

روونیشی كردەوە كە ئەگەر ئەو 50ملیار دینارە خەرجیش بكرێت تەنیا بەشی مووچەی كارمەندانی ئۆفیسەكان دەكرێت و بەشی قەرەبوو كردنەوە ناكات.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم  



وشە - سه‌رخێڵ هاشم