بەرپرسانی خانەقین: چەند هێزێك لە پشت سووتاندنی دەغڵودانی جووتیارانن

:: PM:06:58:20/05/2019 ‌

سووتاندنی دەغڵودانی جووتیاران لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو دەنگدانەوەی زۆری لێكەوتەوە بەتایبەت لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان كە ئێستە بەهۆی بۆشایی تەناهییەوە داعش تەراتێنی تێدا دەكات.

لەبارەی سووتاندنی دەغلودانی جووتیاران خەلیل خودادا، ئەندامی مەڵبەندی هەشتی خانەقینی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە "وشە"ی گوت، سووتانی دەغڵودانی جووتیاران تەنیا سنووری خانەقینی نەگرتووەتەوە و جگە لە ناوچە كوردستانییەكانیش گەیشتووەتە ناوچە شیعە نشینەكانی عێراقیش .

ڕوونیشی كردەوە كە ئەوە بە تەنیا كاری داعش نییە و ڕەنگە هێزە تەناهییەكانیش لەپشتی ئەو كارانەوە بن وەك ئەوەی لە هەندێك ناوچە باس لەوە دەكرێ‌ دەغلودانی جووتیاران لەلایەن حەشدی شەعبییەوە دەسووتێرێ‌.

لای خۆیەوە عەقید دیار شەكەوت بەرێوەبەری پۆلیسی خانەقین، بۆ "وشە" ئاماژەی دا، هێشتا سەرەداو دەستی پۆلیس نەكەوتووە بۆ ئەوەی یەكلا ببینەوە كێ و چۆن تاوانی سووتانی دەغڵودانی جووتیاران ئەنجام دەدا.

هاوكات سەمیر محەمەد سەرۆكی ئەنجوومەنی شارەوانی خانەقین، بۆ "وشە" دووپاتی لەوە كردەوە سووتاندنی دەغلودانی جووتیاران پێوەندی بە بۆشایی تەناهییەوە هەیە و ئاسایش تۆكمە نییە بۆیە ئەو ڕووداوانە ڕوو دەدات.

سووتانی بەرهەمی جووتیارانی خانەقین لە كاتێكدایە كە ئەمساڵ جووتیارانی ئەو ناوچەیە بەهۆی بارانی زۆرەوە چاوەڕوانی چینینەوە بەرهەمێكی زۆر بوون.

گەرمیان/ سەبری هۆرێنی 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم