ئەو خۆراكانەی باش نین بۆ تووشبووانی نەخۆشیی رژێنە دەرەقییەكان

:: PM:03:13:22/05/2019 ‌
بەپێی كۆمەڵەی پزیشكی ئەمەریكی نزیكەی 20 ملیۆن كەس لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكادا تووشبووی نەخۆشیی رژێنە دەرەقیەكانن كە بە نەخۆشی غودەی دەرەقی ناسراوە. نزیكەی %60 تووشبووان هەست بە دەركەوتنی نەخۆشییەكە ناكەن. لێرەدا باس لەو خۆراكانە دەكەین كە نابێت تووشبووانی ئەم نەخۆشییە بیخۆن . رژێنی دەرەقی یەكێكە لەو هۆرمۆنانەی كەلە بەشی پێشەوەی ملدایە و پێوەندی هەیە بەزۆر كاری لەشەوە.

یەكەم: سۆیا، بەپێی توێژینەوە پزیشكییەكان سۆیا بڕێكی زۆر پێكهاتەی خۆراكی گرنگی تێدایە كە سوود بەلەش دەگەیەنێت، بەڵام بۆ ئەو كەسانە باش نییە كە نەخۆشی رژێنە دەرەقییەكانیان هەیە. بۆیە باشتر وایە ئەو كەسانەی نەخۆشی رژێنە دەرەقییەكانیان هەیە خۆیان بەدوور بگرن لە خواردنی سۆیا. ئەگەر سۆا بەكار هێنرا لەگەڵ دەرمانی تایبەت بە نەخۆشییەكە باشتر وایە دوایی چوار سەعات لە پێش یان لە پاشی خواردنی سۆیاكە دەرمان بەكار بهێنرێت.

دووەم: گەنم، رەنگە هەستیار بیت بە خواردنی گەنم یان نەخۆشی سالیاك هەبێت . بۆیە باشتر وایە دڵنیا ببیتەوە لەو خۆراكەی كە دەیخۆیت بۆ ئەوەی بزانیت چ كاریگەرییەك لەسەر لەش دروست دەكات. بەڵام خواردنی گەنم باش نییە بۆ ئەو كەسانەی كە نەخۆشیی رژێنە دەرەقییەكانیان هەیە چونكە وا لە ریخۆڵەكان دەكات كە رێ لە مژینی ئەو دەرمانانە بگرێت كە بۆ نەخۆشییەكە بەكار دەهێنرێت.

سێیەم: سەوزە پڕ گەڵاكان، وەك دەزانین كە سەوزە پڕ گەڵاكان كەلەرم و برۆكلی و قەرنابیت و چەند سەوزەیەكی تر دەگرێتەوە، بەگشتی باشن بۆ رێگریكردن لە نەخۆشییەكانی شێرپەنجە. بەڵام بەپێی شارەزایانی خۆراك ئەم سەوزانە وا لە لەش دەكەن كە بڕێكی زیاتر ئایۆدین بمژێت كە تاكە كانزایە لە رژێنی دەرەقیدا هەیە وادەكات رژێنەكە بە باشی كار بكات، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر سەوزەكان بە كوڵاوی بخورێن ئەوە مژینی ئەم كانزایە كەمتر دەبێتەوە و زیانەكانی كەمتر دەبێت.

چوارەم: خۆراكی چەور، ئەوە گومانی تێدا نییە كە خۆراكی چەور بە گشتی خراپە بۆ لەش. بەتایبەتی خراپە بۆ ئەو كەسانەی نەخۆشی رژێنە دەرەقییەكانیان هەیە، چونكە ئەو خۆراكانەی كە بڕێكی زۆر چەورییان تێدایە رێ لە مژینی ئەو دەرمانانە دەگرن كە بۆ چارەسەری نەخۆشییەكە بەكار دەهێنرێن. لە چەندان توێژینەوەدا ئاماژە بەوە كراوە كە چەوری  رێ لە بەرهەمهێنانی ئەو رژێنانە دەگرێت كە لە رژێنە دەرەقییەكاندا هەن و چەندان كاری جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن لە لەشدا.

پێنجەم: خۆراكی پڕ لە شەكر، یەكێك لەو گرفتانەی كە تووشی ئەو كەسانە دەبێت نەخۆشیی رژێنە دەرەقییەكانیان هەیە، زیادبوونی كێشە بە شێوەیەكی ناتەندروست. چونكە رژێنە دەرەقییەكان هۆرمۆن بەرهەم دەهێنن كە كرداری زیندەپاڵ چالاك دەكات  ئەگەر ناڕێكی لە رژێنەكاندا هەبێت، ئەوە میتابۆلیزم هێواش دەبێتەوە لەش تووشی زیادبوونی كێش دەبێت. بۆیە پێویستە ئەو خۆراكانە كەم بكرێتەوە كە بڕێكی زۆر شەكریان تێدایە بەتایبەتی بۆ ئەو كەسانەی نەخۆشیی رژێنە دەرەقییەكانیان هەیە.



وشە - ئاوات ئازاد