له‌گه‌ڵ رزگاربوونی ژماره‌یه‌كی زۆری ژنی رفێنراوی ئێزیدی كه له سێی ئابی 2014 كه‌وتنه ده‌ست داعش, به بڕیارێكی جڤاتی رۆحانی ئێزیدی منداڵی ژنه رزگاربووه‌كان كه باوكیان داعشن قبووڵ ناكرێن و ده‌بێت ته‌نیا ژنه‌كان بێنه‌وه ناو خێزانی خۆیان، ئه‌مه بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك له‌و ژنانه بڕیاره‌كه‌یان به دڵ نه‌بێت و ناڕازی بن.
به‌پێی ئه‌م به‌دواداچوونه‌ی "وشه" ئه‌و بڕیاره تا ئه‌و ئاسته كاریگه‌ریی داناوه كه هه‌ندێك له‌و ژنانه‌ی تا ئێسته رزگار نه‌كراون، حه‌ز ناكه‌ن له‌و ناخۆشییه‌ی تێیدان رزگار بن له‌پێناو مانه‌وه‌یان لای منداڵه‌كانیان كه نه‌وه‌ی نوێی داعش.
"كه كه‌وتینه ده‌ست چه‌كدارانی داعش و كڕین و فرۆشتنیان پێوه كردین, له‌گه‌ڵ ئازار و ئه‌و ناخۆشییه‌ی به ده‌ست ئه‌وانه‌وه ده‌مانچێشت، ئاینده‌مان ناڕوون بوو، داوایان ده‌كرد حه‌بی رێگری له دووگیانی به‌كار نه‌هێنین، چونكه ئه‌وان له‌و باوه‌ڕه‌دا بوون ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی خه‌لافه‌ت به‌هێز و گه‌وره ده‌بێت و هه‌موو دنیا ده‌گرێته‌وه، له‌به‌رئه‌وه حه‌زیان له وه‌چه‌خستنه‌وه بوو تا ژماره‌یان زۆر بێت". ئه‌مه قسه‌ی ژنێكی رزگاربووی ده‌ستی داعشه به ناوی (ب . خ) /19 ساڵ/ كه بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ له ژێرده‌ستی تیرۆرستاندا بووه له‌گه‌ڵ دوو خوشك و براژنی.
ژنه رزگاربووه‌كه به"وشه"ی گوت كه له‌و ماوه‌یه‌ی لای داعش بووه، منداڵی بووه و دووگیانییه‌كه‌ی به خواستی خۆی نه‌بووه. چونكه به‌گوته‌ی خۆی "ده‌مزانی رۆژێك دێت ده‌گه‌ڕێمه‌وه لای كه‌سوكاری و ئه‌وان ئه‌م منداڵه قبووڵ ناكه‌ن كه باوكی داعشه".
ئه‌و بوو به دایك و كاتی رزگاربوونی زۆر هه‌وڵی داوه منداڵه‌كه له‌گه‌ڵ خۆی بێنێت، به‌ڵام بێ سوود بووه، "چونكه كاتێك به ته‌له‌فۆن له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌م قسه‌م كرد، پێیان گوتم ده‌بێت ته‌نیا خۆت بێیته‌وه و منداڵی داعش قبووڵ ناكه‌ین، به‌ڵام تا ئێسته‌یش دڵم لای ئه‌و منداڵه‌یه و ده‌ڵێم خوایه ئێسته چی ده‌كات و چی به‌سه‌ر هاتبێ".
له به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌سته دوو لایه‌نه‌ی ژنانی ئێزیدی بۆ ئازادی و هاوكات منداڵه‌كانیان له داعش، هادی بابه‌شێخ به‌رپرسی نووسینگه‌ی بابه‌شێخ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی رۆحانی ئێزدی، ده‌ڵێ، "به‌پێی ئۆلی ئێزیدی كاتێك كه‌سێك ببێته ئێزیدی، ده‌بێت له دایك و باوكێكی ئێزیدی بێت، ئه‌مه له رووی ئاینه‌وه، له رووی یاساییه‌وه قبووڵكردنی ئه‌و منداڵانه‌ی كه باوكیان داعشه یان به واته‌یه‌كی تر له ئۆلی ئێزیدی نین، كاریگه‌ری زۆر ده‌بێت له‌سه‌ر خێزانی ژنه رزگاربووه‌كه و كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزیدی به‌گشتی.
زیاتر روونی كرده‌وه "به‌پێی یاسای عێراقی هه‌ر منداڵیك نه‌سه‌بی نه‌بێت یان باوكی دیار نه‌بێت، له‌سه‌ر ئاینی مسوڵمان تۆمار ده‌كرێت. له لایه‌كی تره‌وه ئه‌و منداڵه ده‌بێته هاوبه‌شی میرات له‌گه‌ڵ خوشك و براكانی ژنه رزگاربووه‌كه، ئه‌مه‌ش له ئاینده‌دا كێشه‌یه‌كی تر له‌ناو خێزانه‌كه‌دا دروست ده‌كات".
"له ئاینی ئێزیدیدا كاتێك منداڵ له دایك ده‌بێت له‌سه‌ر ناوی دایك تۆمار ده‌كرێت، بۆ نموونه كاتێك هاوسه‌رگیری ده‌كات له‌سه‌ر گرێبه‌ستی هاوسه‌رگرییه‌كه ناوی خۆی و دایكی و باوكی دایكی له‌سه‌ر گرێبه‌سته‌كه ده‌نووسرێت، به پێچه‌وانه‌ی گرێبه‌ستی حكوومه‌ت كه له‌سه‌ر ناوی باوك تۆمار ده‌كرێن، كه‌واته لێره‌دا یه‌ك چاره‌سه‌ر له به‌رده‌م ئه‌م كێشه‌یه هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه یاسایه‌كی نوێ له په‌رله‌مانی عێراق ده‌ربكرێت و ئه‌م منداڵانه له‌سه‌ر ناوی دایكیان تۆمار بكرێن" هادی باباشێخ وای گوت.
ئه‌وه‌یشی ئاشكرا كرد كه "ئه‌و ژنه ئێزیدییانه‌ی كه تا ئێسته رزگار نه‌كراون، هه‌ندێكیان بوونه‌ته خێزان و دوو سێ منداڵیان هه‌یه و نایانه‌وێ ده‌ستبه‌رداری خێزان و منداڵی خۆیان بن، هه‌ندێك له‌وانه له ژیاندا نه‌ماون و كه‌وتوونه‌ته به‌ر هێرشی فڕۆكه‌كان له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی تر كه چاره‌نووسیان نادیاره و له وڵاتانی تری وه‌ك لیبیا و میسرن".
له‌لایه‌كی تره‌وه ژنێكی تری رزگاربوو به ناوی شیرین حه‌یده‌ر سه‌عید /21 ساڵ/ كه ماوه‌ی ساڵێكه له ده‌ست داعش رزگار بووه، بۆ "وشه" باسی له‌وه كرد كه كاتێك كه‌وتنه ده‌ست داعش، 11 كه‌س بوون حه‌وت خوشك و دوو برا و دایك و باوك، تا ئێسته چاره‌نووسی باوك و سێ خوشكی دیار نییه و نازانێ مردوون یان زیندوون.
ئاماژه‌ی دا، "داعش منی به چه‌كدارێكی به‌حرێنی دا و دوو منداڵم لێی بوو، كاتێكیش رزگار كرام منداڵه‌كانم به‌جێهشتن و له‌گه‌ڵ خۆم نه‌مهێنان، چونكه نه‌مویست منداڵی ئه‌و كه‌سه‌م لام بێت كه هه‌موو جۆره سته‌مێكی له‌گه‌ڵ كردم و به‌بێ خواستی خۆم دووگیانی تووش كردم".
شیرین به دڵنیاییه‌وه ده‌ڵێ "ئه‌گه‌ر بابه‌شێخ رێیشی به ژنه رزگاربووه‌كانی ده‌ستی داعش بدایه منداڵ له‌گه‌ڵ خۆیان بێنن، هه‌ر نه‌مده‌هێنا چونكه من به قسه‌ی جڤاتی رۆحانی ده‌ستم له منداڵم هه‌ڵنه‌گرت و خۆم نه‌مویستن، به‌ڵام كاتێك رزگار بووم به هێزه‌كانی سووریم گوت منداڵه‌كانم بگه‌یه‌ننه لای كه‌سوكاریان له به‌حرێن، چونكه ئه‌و چه‌كداره جگه له من سێ ژنی تری هه‌بوو له به‌حرێن كه له‌وانه دوویان خه‌ڵكی سووریا بوون و یه‌كی تر خه‌ڵكی به‌حرێن بوو."
داعش له ئابی 2014 شنگالی داگیر كرد و كاره‌ساتی مرۆیی به‌سه‌ر ئێزیدییه‌كان هێنا. دیارترین رووداویش رفاندنی شه‌ش هه‌زار كچ و ژن بوون كه تا ئێسته‌یش سێ هه‌زاریان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه ناو كه‌سوكاریان.
*هادی بابه‌شێخ:
ده‌بێ یاسایه‌كی نوێ له په‌رله‌مانی عێراق ده‌ربكرێت رێ بدات ئه‌م منداڵانه له‌سه‌ر ناوی دایكیان تۆمار بكرێن .
وشه/ دهۆك- دێژین سدقی